قەزای کۆیە. فۆتۆ: 964
لە بەردەم قشڵەی کۆیە
نەورۆزی کۆیە تەنیا ئاگرکردنەوەیە
پێشەوا محەمەد
ئەمساڵ نەورۆز لە کۆیە زۆر گەرموگوڕ نابێت، قایمقامەکەی دەڵێت، بەهۆی مانگی رەمەزانەوە تەنیا فریای ئاگرکەوتنەوە دەکەون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19.3.2024 قایمقایەت و یەکە ئیدارییەکانی کۆیە بڕیاریان داوە تەنیا لە کاتژمێر 5:30 خولەکی ئێوارەی 20.3.2024 لە بەردەم قشڵەی کۆیە ئاگر بکەنەوە و تەنیا بەوەش یادی نەورۆز بکەنەوە.
تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی مانگی رەمەزانەوە فریای هیچی دیکە ناکەون، چونکە نەورۆز و ئاگرەکەی دەمەو ئێوارەیە و نایانەوێت کاتی ئاگرکردنەوەکە درەنگتر بێت و دوای بخەن.
ساڵانی رابردوو لە کۆیە بە کەرناڤاڵ یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بە بەشداریی چەندین دامەزراوەی حکومی و رێکخراو و گرووپ دەکرایەوە.
قایمقامی کۆیە وتیشی، “ئەو بڕیارەی ئێمە بۆ رێزگرتنە لە مانگی رەمەزان و سەرقاڵبوونی هاوڵاتیان بەو مانگە ئایینییە و پەرستشەکانی”.
کۆیە لە ساڵی 1918 کراوە بە قەزا و بە دووری 70 کیلۆمەتر دەکەوێتە خۆرهەڵاتی شاری هەولێر و 180 گوندی لەسەرە.