چەندیان بوون بە خاوەن پیشە؟
نزیکەی 10 هەزار کەس لە سەنتەرە پیشەییەکان راهێنانیان پێکراوە
964+
پێشەوا محەمەد
نزیکەی 10 هەزار کەس، کە زۆرینەیان گەنجن لە سەنتەرە پیشەییەکانی سەر بە وەزارەتی کار راهێنانیان پێ کراوە و بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتەکە، سێ هەزاریان بوون بە خاوەنی پیشەی خۆیان.
وەزارەتەکە خاوەنی 10 سەنتەری پیشەییە و لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراونەتەوە و ئەو خولانەی تێیاندا دەکرێنەوە بێبەرامبەرن.
“ئەو سەنتەرە پیشەییانە کاریگەریی بەرچاویان لە پەرەپێدان و پێشکەوتنی توانای گەنجان هەبووە و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش لەسەر هەمان ستراتیژ کار دەکات”، ئەوە قسەی ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە بۆ 964.
دەشڵێت، تەواوی خولەکان بە رەچاوکردنی پێویستییەکانی بازاڕ دەکرێنەوە و خەڵکانی پسپۆڕ لە بووارە جیاوازەکاندا خولەکان دەڵێنەوە.
964 لە وەزارەتەکەوە دەزانێت، داخوازییەکی زۆر لەسەر خولی درومان، سەرچاککردن، چاککردنی ساردی و گەرمیی ئۆتۆمبێل و سیستمی شۆفاژ هەیە لەو سەنتەرانە.
ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، خولەکان لەو سەنتەرانە بەپێی داخوازی ئەو شوێنە دەبێت، کە سەنتەرەکانیان لێیە.