دەست بەسەرداگرتنی 40 پارچە جگەر _ وێنە: قایمقامیەتی هەڵەبجە
لە هەڵەبجە
لەناو تاکسییەکدا 40 پارچە جگەر گیرا
ئەحمەد مستەفا
ئەمشەو 16.3.2024 لە بازگەی زەمەقی هەڵەبجە، دەست بەسەر 40 پارچە جگەردا گیرا و لیژنەی قایمقامیەتی لێ ئاگادار کرایەوە، جگەرەکە لەناو تاکسییەکدا بووە.
بازگەی زەمەقی یەکێک لە دەروازەکانی داخڵبوون و دەرچوون لە هەڵەبجە، ئاسایشی بازگەکە بە جگەرکەیان زانیوە.
لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە دەڵێت، پاش سەردانیکردنی مەیدانی لیژنەکەمان بۆ بازگەکە، و پشکنین کردن بۆ جگەرەکە، دەرکەوت جگەرەکە شیاوی خواردن نەبووە، کە بڕەکەی 40 پارچە بوو، وە دەستمان بەسەرداگرت.
بە قسەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە بێت، خاوەنی جگەرەکە کە خاوەن تاکسییەکە بووە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە، ئەو لیژنەیە سوپاسی بازگەکانی شارەزوور دەکات کە هاوکاری لیژنەکایان بوون.
بە گوێرەی رێنمایی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بازرگانی کردن بە جگەری مریشک و ئاژەڵ قەدەغەیە، هاوکات گومرگی هەرێمی کوردستان بە بڕیار رێگە نادات جگەر لە دەروازەکانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت.