گردبوونەوەیەکی پێشووی مامۆستایانی نارازی - وێنە: 964
دەست بە خۆپیشاندان و بایکۆت دەکەنەوە؟
مامۆستایانی ناڕازیی هەرێم سبەینێ لە دادگای فیدڕاڵی دەبن
964+
پێشەوا محەمەد
وا بڕیارە سبەینێ یەکشەممە دادگای فیدڕاڵی دانیشتنێکی نوێ لەسەر راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بکات، نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت، سبەینێ بڕیار دەدرێت و دەچنە دانیشتنەکە.
ئەو سکاڵایەی لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم تۆمار کراوە، لە لایەن نۆ مامۆستاوە ئاراستەی دادگاکە کراوە.
نەجمەدین محەمەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، سبەینێ دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەدات و “ئێمەش ئێستا لە بەغداین بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکە”.
ئەو مامۆستایە، کە یەکێکە لەوانەی سکاڵای تۆمار کردووە وتیشی، “دەمانەوێت سبەینێ بەرچاومان روون بێت دادگای فیدڕاڵی چ بڕیارێک دەدات و لە دوای ئەوە هەڵوێستی نوێ رادەگەیەنین”.
964 پرسیاری ئەوەی لە مامۆستا نەجمەدین کرد، ئاخۆ لە هەرێم خۆپیشاندان و بایکۆت دەستپێدەکەنەوە، ئەویش لە وەڵامدا وتی، “ئەگەر بارودۆخی موچە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان و بایکۆتکردن ئەگەرێکی بەهێزە”.