کێ کوشتوونی؟

لەسەر کێشەیەک سێ ئەندامی یەک خێزان کوژران

پێشەوا محەمەد

لە شاری کرماشان ژنێک و دایکی و برایەکی لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژران، رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، تا ئێستا تەنیا ئەوە ئاشکرا بووە پێشتر کێشەی خێزانییان هەبووە.

رێکخراوەکە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، ئەمڕۆ شەممە 16.3.2024 بڵاویکردووەتەوە، رووداوەکە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو روویداوە.

بەپێی گێڕانەوەی هەنگاو، هاوسەری پێشووی ئەو ژنە دەچێتە ماڵیان، لەوێ بە چەک هاوسەری پێشووی و دایک و برایەکیشی دەکوژێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای چەند کاتژمێرێک تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، تەنیا ئاماژە بە “کێشەی کۆنی خێزانی” دراوە.

“ئەو ژنە ساڵی یەکەمی خوێندنی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان دەستپێکردووە، بەڵام ئەو رووداوەی بەسەردا هاتووە”، راگەیەندراوەکەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وادەڵێت.

هەفتەی رابردووش ژنێک لە ئورمییە لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژرا، کە تەنیا 10 رۆژ بوو لە یەکتری جیابووبوونەوە.