ژمارەی راستەقینەیان چەندە؟
داوای پاککردنەوەی لیستی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە داوای پاککردنەوەی لیستی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکات، چونکە دەڵێن، کەسانی ناشایستەی تێدایە.
ساڵی رابردوو لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوەی لە لیستەکە کرد و وەک خۆی پەسەندی کردەوە، بەڵام بە وتەی سەرۆکی کۆمەڵەکە، لیستەکە پێویستی بە پاککردنەوەیە.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی چەکی کیمیایی بە 964ـی راگەیاند، کەسانێک لە لیستەکەدا وەک بەرکەوتووی چەکی کیمیایی تۆمار کراون، کە کاتی کیمیابارانکردنەکە لە هەڵەبجە نەبوون.
وتیشی، “ئەوانەی لە هەڵەبجە بەرکەوتەی راستەقینەی چەکی کیمیایین ژمارەیان نزیکەی 300 کەسە”.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، ئەو لیستەی ئێستا وەک بەرکەوتووی چەکی کیمیایی هەیە 808 کەسن.
لوقمان عەبدولقادر وتیشی، “بەشێک لەوانەی بەرکەوتوون پێویستیان بە چارەسەری پزیشکییە لە دەرەوەی وڵات و گرنگە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی ئاوڕی جدیتر لەو بەرکەوتووانە بداتەوە”.
16.3.1988 رژێمی پێشووی عێراق هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان پێنج هەزار هاوڵاتیی گیانیان لەدەست دا، ژمارەیەکی زۆریش دەربەدەر و بریندار بوون و تا ئێستاش کاریگەرییەکانی هەر ماوە.