دیمەنی پەنگخواردنەوەی ئاوی باراناو لە شەقامێکی بەغدا _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
ئاو چووە ناو نەخۆشخانەوە
شەپۆلی باران بارینەکە گەیشتە بەغدا و بەسڕە
964+
ئەحمەد مستەفا
باران بارینی شەوی هەینی بۆ بەرەبەیانی شەممە، هەر بە کەرکوک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و سۆرانەوە نەوەستا، شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشی گرتەوە و لە بەسڕە ئاو چووەتە ناو نەخۆشخانەیەکەوە.
شەپۆلەکە نزمە پەستانێک بوو کە لە دەریا سورەوە هاتبووە ئاسمانی عێراق، جگە لە بارانی بەلێزمە لە سلێمانی و ژمارەیەک ناوچە تەرزەی لەگەڵدا باری، سەرەتا تاوە باران و هەورەبروسکەی بەهێز سنوری ناوچەکانی باکوری کەرکوک، بازیان، چەمچەماڵ، ئاغجەلەر و ئیدارەی راپەڕینی گرتەوە.
محەمەد کەلاری، پێشبینیکاری کەشوهەوا پێی وایە، شەپۆلەکە لەنێوان 10 بۆ 20 سانتیمەتر بە تێکڕا باران لە ناوچە جیاوازەکان دەبارێنێ، ئەمڕۆ شەممە 16.3.2024 ئەوەی بە 964 وت، دۆخەکە ئەمڕۆ ئاسایی دەبێتەوە، هاوکات ئێوارەی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، پێشبینی هاتنی قۆناغی دووەمی شەپۆلی باراب بارین دەکەم لە دەریای ناوەڕاستەوە، کە شەپۆلێکی بەهێزە و تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێ.
ئەو پێشبینیکارە باسیلەوەشکرد، لەپاش ئەو با بەهێزەی هەشت رۆژ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتبوەوە رووی زەوی بە تەواوی وشکببوو، بارانەکە کاریگەری دەبێت لەسەر پاراوبوونی زەوی، دەبێت جوتیاران بە تایبەت بەم بارانە دڵخۆشبن، وە هەر ئەوەندە نیە بگرە ئەم شەپۆلانە، تاو تاوەو پێشبینییەکان وان تا مانگی شەشی ئەمساڵ بەردەوامدەبێ.
هەر هەرێمی کوردستان نا، شەپۆلەکە گەیشت بە بەغدای پایتەخت و ئاوی باراناو لە شەقامەکاندا بەرزبوویەوە، زی قار و دیالە و موسڵ و چەند شارێکی دیکەی عێراقیش هەمان چارەنوسیان هەبوو، تەنانەت شەپۆلەکە چووە بەسڕە ژمارەیەک ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن خەڵکی خۆجێی بڵاوکراونەتەوە رادەی کاریگەری شەپۆلەکە دەردەخەن، یەکێک لە بەسڕە لە ناو نەخۆشخانەی “القرنە” قسەدەکات و قاچی لە ناو ئاودایە دەڵی، ئاو هاتووەتە ناو نەخۆشخانەکە و با بزانن.
پێشتر، بەشی پێشبینییهكانی كهشوههوا له وهزارهتی گواستنهوه و گهیاندنی ههرێمی كوردستان بڵاویکردەوە، رۆژی ههینی ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەرێم بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت.
ههروهها ئەوەشی وتبوو، لە شەودا رێژەی دابارین لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی کەمێک زیاتر دەبێت، هەندێک کات لە کاتى باراندا هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
بۆ رۆژی شەممە 16.3.2024 پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بهم جۆره دهبن:
هەولێر : 21
سلێمانی : 21
دهۆک : 19
زاخۆ : 20
هەڵەبجە : 21
کەرکوک : 24
سۆران : 21
حاجی ئۆمەران : 11
گەرمیان : 26