بۆ سکاڵای پلەبەرزکردنەوە

دانیشتنی دادگا سێ رۆژی ماوە و حکومەت بێدەنگە

ئەحمەد مستەفا

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیارە رۆژی 17.3.2024، دانیشتنی دواخراوی خۆی بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵای راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدا، ئەندامێکی دەستەی ناڕازی مامۆستایان دەڵێت، تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگە.

رۆژی 25.2.2024، دانیشتنی دادگاییەکە لەسەر داواکاری پارێزەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 20 رۆژ دواخرا، پێشتر دڵشاد میرانی، مامۆستا و یەکێک لە سکاڵاکارانی پلە بەرزکردنەوە بە 964ی وت، پارێزەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای دواخستنی دانیشتنەکەیان کرد.

ئەوکات ئەو سکاڵاکەر پێی وابوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش بڕیاری دادگا خۆی دەیەوێت هەنگاوی کرداری بۆ بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستا و فەرمانبەران بنێت، وتیشی ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بچێتە ژێرباری پلە بەرزکردنەوە، “ئەوە بە ئەمر و ئیجباری پێی ناکرێت”، ئەگینا بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوە نا دەستورییە و دادگای فیدڕاڵی دەتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14.3.2024 دلێر غەریب، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی ئەوەی بە 964 وت، مامۆستایانی ناڕازی و سکاڵاکارانیش رای بەرچاوویان ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتەکە بە هەڵبزانێ و بڕیارێک بدات، ئەگینا دانیشتنی ئەمجارەی دادگا ئەگەری زۆرە بڕیاری تێدا بدرێ، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بێدەنگە.

لە ساڵى 2015ـەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى مەدەنى راگرتووە، هۆکارەکەى بۆ قەیرانى دارایی دەگەڕێنێتەوە، کە ئەوکات بەغدا بودجەى هەرێمى کوردستانى راگرت و 10 ساڵە کێشەکە چارەسەرنەکراوە، ئێستاش سکاڵایەکی یەکلانەکراوە کە لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەرەوە لە دژی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی هەرێم تۆمارکراوە، لە دادگای فیدڕاڵی بەبێ بڕیار ماوەتەوە.