دوو ساڵ تێپەڕی

ناڵە و زرمەی موشەک شاری دەلەراندەوە

964+

ژووری هەواڵ

دوو ساڵ پێش ئێستاو بە دیاریکراوی لە درەنگانێکی شەوی 13ی ئازاری 2022 چەند دەنگێکی بەهێز هەولێریان هەژاند.. دەنگی ئەمجارە جیاواز بوو لەوانەی پێشوو، ناڵەو زرمە شاری دەلەراندەوە، هێشتا خەڵک نازانێ چی روویداوە، بەڵام دیارە بەڵایەک هاتووە.

دەزگای دژە تیرۆری کوردستان چەند کاتژمێرێک دوای دەنگە گەورەکان رایگەیاند 12 موشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی هەولێر کراون.

زۆری نەبرد سوپای پاسدارانی ئێران خۆی کرد بە خاوەنی هێرشەکان و لە راگەیەندراوێکدا وتی ”ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی پیلان و شەڕانگێزییەکانی زایۆنیزم”ی کردووەتە ئامانج
بەڵام ئەو ناوەندەی ئێران باسی دەکرد دەکەوێتە سەر رێگای هەولێر – پیرمام و ماڵی شێخ باز بەرزنجی سەرمایەداری دیار بوو.

رۆژ کەوتەوە ئینجا بەتەواوی گەورەیی زەبرەکە دەرکەوت، موشەک ڤێلایەکی گەورەی هەڵتەکاندووە، دیمەنەکان واپیشان دەدەن زەحمەتە کەسێک هەبووبێت و لەو ماڵەدا سەلامەت بووبێت.

بەڵام بە ڕێکەوتێکی سەیر، چەند کاتژمێرێک لەوەو بەر شێخ بازو خێزان و منداڵەکانی بڕیاریانداوە ئەو شەوە لەو ماڵە نەمێننەوەو لە بەشێکی تری ماڵەکەیان هەر لەو دەروبەرە رۆژ بکەنەوە، رێکەوتێک کە خۆشیان نازانن چۆن و بۆچی روویدا؟!

شێخ باز شێخ کەریم بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کار گروپە کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دۆستەکانی دەڵێن شێخ باز پیاوێکی خێرخوازو دەست و دڵ باشەو بە دەیان پرۆژەی خێرخوازی کردووەتەوە، نموونەی نەخۆشخانەی منداڵان و خانەی بەساڵاچووان دەهێننەوە کە بەمدواییە کرانەوە، هەر ئەو دۆستانەی دەڵێن بەڵام شێخ باز خۆی لەوە دەبوێرێت کارە خێرخوازییەکانی باس بکات.

بیانووەکانی ئێران هەرزوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە رەتکرایەوە، حکومەت رایگەیاند ”رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەوەنەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە”.

هێرشەکە ئەوەندە گەورە بوو بەغدا زوو بە پیریەوە هات، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق خۆی چووە شوێنی رووەداوەکەو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەشی پێکهێنا.. لیژنەی بەغدا هاتنە هەولێرو دوای لێکۆڵینەوە لە راپۆرتی کۆتاییدا وتیان ” لیژنەکەی تێبینی نەکردووە، ئەو خانووەی هێرشیکراوەتە سەر کە خاوەنەکەی هاووڵاتییەکی عێراقییە بەناوی شێخ باز بەرزنجی، بۆ هیچ بزووتنەوە و چالاکییەکی سیاسی بەکارهێندرابێت”.

ساڵ هات و ساڵ رۆی، لە 15ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ جارێکی تر بە هەمان دەستوور لە ئێرانەوە هێرش کرایە سەر هەولێر، ئەمجارە ئامانجەکە ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری شارەکە بوو، بەڵام وەک شێخ باز رێکەوت یارمەتی خاوەن ماڵی نەداو پێشڕەو دزەیی و ژینای کچی گیانیان بەخشی و دوو کوڕەکەی و خێزانەکەی برینداربوون.

ئێران دیسان هەمان بیانووی پێشووی هەبوو، حکومەتی کوردستان و بەغداش دیسان بەدرۆیان خستەوە.

زۆربەی ئەوانەی سەر لە دنیای کارو پارە دەردەکەن دەڵێن لە هەردوو هێرشەکەدا ئێران باش دەیزانی ئەوانە ماڵی مەدەنین، بەڵام دەیویست بە لێدان لە ماڵی دوو سەرمایەداری شارەکە کارو جوڵەی بازاڕ پەکبخات.

ئەمجارە ئێران بە چ جۆرە مووشەکێک هەولێری کردە ئامانج؟

ئەمجارە ئێران بە چ جۆرە مووشەکێک هەولێری کردە ئامانج؟