خۆپیشاندان بەردەوامە
شەڕ لە نێوان شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن و باشماخ دروست بوو
+964
کامیار کەمال ـ پێنجوێن
شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن رێگریان لە شۆفێرانی مەرزی باشماخ کرد باری عەلوە لە باشماخەوە بگوازنەوە و بەهۆیەوە شەڕ دروست بوو.
ماوەی 10 رۆژە خۆپیشاندانی شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن دژی بڕیاری گواستنەوەی بارەکانیان لە سەیرانبەنەوە بۆ باشماخ بەردەوامە، تا ئێستاش وەڵامیان نەدراوەتەوە.
مەریوان فەریق شۆفێری ئەو بارهەڵگرەی کە هێرشی کراوەتەسەر بە 964ی راگەیاند، ئەوان بە نووسراوی فەرمی و یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوون بار باربکەن، بەڵام شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن رێگریان لێکردوون.
وتیشی، کە لە دەروازەی پێنجوێنەوە شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن داوایان کردووە بوەستێت و ئەویش هێمای چوار فلاشی هەڵکردووە و ویستویەتی بوەستێت، بەڵام راستەوخۆ بەردیان تێگرتووە و زیانی نزیکی 700 دۆلاریان بە جام و شووشەی ئۆتۆمبێلەکەی گەیاندووە.
هاوکات، ئەو شۆفێرە وتیشی، سکاڵایان تۆمار کردووە.
شۆفێرێکی سەیرانبەن، کە نەیویست ناوی بهێندرێت، بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ رێگریان لە شۆفێرانی عەلوە کردووە بار لە باشماخەوە بهێنن، چونکە بە رێگەدان بە هێنانی بار، واتای بێکاربوونی ئەوانە.
ئەو شۆفێرە وتیشی، تەنیا شۆفێرانیش زەرەرمەند نین، بەڵکو نزیکی دوو هەزار کەس بێکار دەبن، چونکە لە %90ی باری مەرزی سەیرانبەن و تەوێڵە باری عەلوەیە و ئەگەر بگوازرێتەوە بۆ باشماخ، دەبێت بگەڕێنەوە ماڵەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن رێگرییان لێکراوە لە لایەن مەرزی باشماخەوە و چەندان باری میوە، مەترسی خراپبوونیان لەسەرە.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، گردبوونەوە بەردەوامە و زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن هاتووەتە ناو خۆپیشاندەران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا