بەدواداچوون

کشانەوەى ئەندامە کوردەکەى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى کێشە بۆ بڕیارەکانى دادگاکە دروست دەکات؟

964+

وریا فەتاح

دواى ئەوەى ئەمڕۆ سێشەممە دادوەر عەبدولرەحمان زێباری، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی رایگەیاند، “لەبەرئەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دژی بنەماکانی سیستمی فیدڕاڵییە و نەمانتوانی پشتگیری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەین لەو دادگایە، بۆیە کشانەوەی خۆم رادەگەیەنم”، 964 بەدواداچوونى بۆ ئەوە کرد کە ئایا کشانەوەى ئەو ئەندامە کوردە، کێشە بۆ بڕیارەکانى دادگاکە دروست دەکات؟.

لەسەر کشانەوەکە، دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، کشانەوەی دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری، لە ئەندامێتی دادگاکە کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی کارەکانی دادگا نابێت، لەبەرئەوەی سێ دادوەری دیکە وەک یەدەگ ئامادەن.

دادگاکە لە دوو ئەندامى کورد و سێ ئەندامى سونیى و چوار ئەندامى شیعى پێکدێن و سەرۆکى دادگاکەش سەر بە پێکهاتەى شیعەیە و جێگرەکەى سونییە.

ئومێد مەحمود، یاساناس لە بارەى کشانەوەى ئەندامە کوردەکەى دادگاى فیدڕاڵى بە 964ـى وت،”کێشەکە بۆ کورد لەگەڵ هەمووارى یاساى دادگاکە لە ساڵى 2021 دەستیپێکرد، ئەوەش بەهۆى ئەوەى لە دواى ئەو هەمووارەوە ئەندامە کوردەکان نەیانتوانى وەک پێویست رۆڵى خۆیان ببین”.

بە وتەى ئومێد مەحمود، یاساى دادگاکە پێش هەمووارەکە بەجۆرێک بوو تێیدا هاتبوو ئەگەر یەکێک لە ئەندامەکانى ئامادە نەبوو، داگاکە نەیدەتوانى دانیشتن بکات، بەڵام ئێستا دواى هەمووارەکە ئەگەر ئەندامێک و دوانیش ئامادە نەبن یان بکشێنەوە چوار ئەندامى یەدەگ زیادکراوە و کێشە بۆ دانیشتنى دادگاکە و بڕیارەکانى دروست نابێت، چونکە یەدەگەکان شوێنى دەگرنەوە.

ئەو یاساناسە جەخت لەوە دەکاتەوە، کشانەوەى ئەندامە کوردەکەى دادگاى فیدڕاڵى لە رووى یاساییەوە هیچ گرفتێک بۆ دادگاکە دروست ناکات.

ئەندامێکی کوردی دادگای فیدڕاڵی لە پۆستەکەی کشایەوە

ئەندامێکی کوردی دادگای فیدڕاڵی لە پۆستەکەی کشایەوە