لە داقوق

ئەو کوڕەی باوکی خۆی کوشت دەستگیر کرا

+964

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئەمشەو لە گوندی عەبدوڵلا غانمی سەر بە قەزای داقوقی باشووری کەرکوک، بەهۆی دەمەقاڵێوە باوکێک لەلایەن کوڕەکەیەوە بە سێ فیشەک کوژا، دوای دوو کاتژمێر کوڕەکە دەستگیر کرا.

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی داقوق بە964 ـی وت، دوای نزیکەی دوو کاتژمێر لە بەدواداچوون و گەڕان و پشکنین، توانرا هەر لەناو سنووری قەزای داقوقدا بکوژەکە دەستگیر بکەن.

وتیشی، دوای دەستگیرکردن و لێکوڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵیدا، دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و وتویەتی دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروست بووە و بە چەکی جۆری کڵاشنکۆف سێ فیشەکی ناوە بە باوکی خۆیەوە و کوشتوویەتی.

بە وتەی پۆلیسی داقوق، ئێستا بکوژەکە تەمەنی 15 ساڵە و بە مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە و دەست بەسەر چەکەکەشدا گیراوە.

964 ئەوەشی زانیوە کە کوژراوەکە کارمەندی یەکێک لە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

کوڕێک بە فیشەک باوکی خۆی کوشت

کوڕێک بە فیشەک باوکی خۆی کوشت