دەستەی گەشتوگوزار وەڵام دەداتەوە

مانگی رەمەزان دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی گەشتیار بۆ هەرێم؟

پێشەوا محەمەد

دەستەی گەشتوگوزار پێی وایە مانگی رەمەزان نابێتە هۆی کەمبوونەوەی هاتنی گەشتیار بۆ کوردستان، ئەوەش لەبەرئەوەی لە بەهار و نەورۆزدا گەشتیاری دەرەوەی کوردستان زۆر سەردانی هەرێم ناکەن.

رەمەزانی ئەمساڵ دەکەوێتە 11 یان 12ـی ئەم مانگەوە، نەورۆز و سەری ساڵی کوردیش، کە بەمانگی سەیران و گەشت و سەیران بەناوبانگە دەکەوێتە ئەو مانگەوە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ 964ـی روونکردەوە، لەوەتەی دامەزراوەی گەشتیاری لە هەرێم دامەزراوە یەکەم جارە نەورۆز دەکەوێتە مانگی رەمەزانەوە و ئەمساڵ وەک ئەزموونی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بارودۆخە سەیر دەکەن.

وتیشی، “ئەو مانگە لە هەرێمی کوردستان زیاتر هاوڵاتیانی ناوخۆن لەنێوان سەیرانگا و شارە جیاوازەکاندا گەشت و سەیران دەکەن نەک گەشتیارانی دەرەوە، بۆیە مانگی رەمەزان کاریگەریی زۆری لەسەر کەمبوونەوەی گەشتیار نابێت لە هەرێمی کوردستان”.

ئاکرێ کە بووکی نەورۆز ناسراوە لە کوردستان، پلانی ئاگرکردنەوەی نەورۆزی ئەمساڵی تێدا گۆڕاوە و خراوەتە دوای بانگی ئێوارەوە.

وتەبێژەکەی دەستەی گەشتوگوزار وتیشی، “پلانی ئێمە لەگەڵ دەستەی ژینگە لەو مانگەدا پاراستنی سروشت و سەیرانگاکان و راگرتنیان بە پاکوخاوێنی”.