قەزاى شێخان
بۆ مانگى رەمەزان کلینکە پزیشکییەکان و گۆشتفرۆشان داشکاندن دەکەن
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
قایمقامییەتى قەزاى شێخان، بۆ مانگى رەمەزان چەند بڕیارێکى دەرکر و داشکاندنى خستە سەر نرخى کلینکە پزیشکى و گۆشتفرۆشان و نرخى نەوت.
دواى ئەوەى قایمقامییەتى قەزاکە، لە هەفتەى رابردوو لەگەڵ نوێنەرى پزیشکان و تاقیگاکان و فرۆشگا و گۆشتفرۆشان کۆبوونەوە، چەند بڕیارێکیان لە بارەى داشکاندنى نرخەکانەوە دەرکرد، 964 دەزانێت، هەمووان لەسەر داشکاندنى نرخەکان لە مانگى رەمەزاندا کۆک بوون.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامى قەزاى شێخان بە 964ـى وت،”بە کۆى دەنگى هەموو لایەنەکان لە فرۆشگا و کلینکە پزیشکییەکان، بڕیارماندا بۆ مانگى رەمەزان نرخەکان داشکاندنیان بۆ بکرێت و لە رۆژێک پێش هاتنى مانگى رەمەزان بڕیارەکە دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە”.
بەپێى قسەى قایمقامى قەزاى شێخان، بە درێژایى مانگى رەمەزان لیژنەى چاودێرى بازاڕ چاودێر بازاڕ دەکات و بەدواداچوون بۆ نرخى شتومەک و کاڵاکان دەکات، وەک ئەوەى باسى کردووە، رێگرى دەکەن لە گرانفرۆشى و بەرزکردنەوەى نرخەکان.
ئەو داشکاندنانەی لە قەزای شێخان بۆ مانگی رەمەزان لەلایەن قایمەقامییەتی قەزاکەوە بریاری لەسەر دراوە بەم شێوازەیە:
یەکەم- کلینیکی پزیشکییەکان، بە ریژەی 35% داشکاندن دەکەن و بۆ چوونە لاى پزیشک تەنیا 10 هەزار وەردەگیرێت,
دووەم- تاقیگە پزیشکیییەکان، بەڕێژەى 25% داشکاندن دەکەن بۆ هەر پشکنینێک.
سێیەم- دەرمانخانەکان بەرێژەى 50% داشکاندن دەکەن
چوارەم- گۆشتفرۆشەکان بەڕێژەى 5% داشکاندن دەکەن.
پێنجەم- نرخى غاز و نەوتیش بۆ هەر لیترێک 25 دینار داشکاندن دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح