بۆ ترێیەکی باشتر
جووتیاران دەستیان بە بڕینەوەی رەزەکانیان کرد
964+
ئاکام غەفور – سۆران
بۆ ئەوەی ترێیەکی باشتر و بەرهەمێکی زیاتریان هەبێت، جوتیاران لە گوند و باخە کشتوکاڵییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستییان بە پاککردنەوە و بڕینەوەی رەزەکانیان کردووە.
وەک کلتورێک، لە سەرەتای مانگی (3/ ئادار)ی هەمووساڵێک، جوتیاران دەستدەکەن بە خاوێنکردنەوەی رەزەکانیان بە مەبەستی دەستکەوتنی ترێیەکی زیاتر و بەرهەمێکی باشتر، بەڵام ئەو کەسانەی رەز دەبڕن دەبێت شارەزایەکی باشییان هەبێت، هەموو کەسێک ناتوانێ رەز ببڕێت و رەز بڕینی خاکی گەرمیانیش جیاوازە لەگەڵ خاکی کوێستانی.
رەزێک کە لە خاکێکی گەرمیانی بێت لەسەر سێ خونچە و لقەوە دەبڕدرێت، بەڵام رەزێک کە لە خاکی کوێستانی بێت، تەنیا تەنک دەکرێت و چەند قەدێکی مێوەکە دەمێنێتەوە، و لە هەمان کاتدا قەدەکانی کورت ناکرێتەوە.
مام ئازاد، شارەزایەکی رەزبڕینە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئەگەر سالانە رەزەکانمان نەبڕین بەرهەمی ترێمان خراپ و کەم دەبێت.
ئەو رەزبڕە دەڵێت، بنەمێوێک ئەگەر بیبڕین، هەتا چوار سندوق ترێی لێ بەرهەم دێت، بەڵام ئەگەر نەیبڕین هەر نیو سندوق ترێی لێ دەکەینەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا