مەترسی دروستکردبوو
فەرمانبەرانی ئاوی قەڵادزی زبڵ و خاشاکی ناوچەیەک پاکدەکەنەوە
964+
محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ
لە گەڕەکی فەرمانبەران لە قەڵادزێ، زبڵ و پاشماوەی ماڵان لە نزیک قوفڵێکی ئاو فڕێ درابوو، ئەوەش مەترسی لەسەر پیسبوونی سەرچاوەی ئاوەکەیان دروستکردبوو، فەرمانبەرانی بەشی چاکسازی ئاوی قەڵادزێ زبڵ و خاشەکەکەیان لابرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.3.2024، هادی حەمە، لێپرسراوی بەشی چاکسازی لە فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بە 964ـی وت، “ژمارەیەک هاوڵاتی زبڵ و پاشماوەی ماڵەکانیان فڕێدا بوو لە گەڕەکی فەرمانبەران لە پشدەر، ژینگەی ناوچەکەی ناشرین کرد بوو، هاوکات نزیک بوو لە قوفڵی سەرەکی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ و مەترسی پیسبوونی لێدەکرا”.
ئەو وتی، “خاوێن کردنەوە و لابردنی خۆڵ و خاشاک کاری کۆمپانیای گارێکسە کە کاری خاوێنکردنەوەی پاشماوەی شارەکەی لە ئەستۆیە، بەڵام ئێمە لە خەمخۆریمان وەک، بەشی چاکسازی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ، هەستاین بە لابردنی ئەو زبڵ و خاشاکە و چوار دەوری ئەو قوفڵانەمان خاوێن کردەوە، و داواکارین هاوڵاتیان چیتر لەو شوێنە زبڵ و خاشاک فڕێنەدەن”.
بە قسەی بەڕێوەبەری چاکسازی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بێت، هۆکاری مەترسییەکە ئەگەری شکانی بۆری ئاو بووە لە ناوچەکە، هەروەک بەردەوام میراوەکان کاری کردنەوە و گرتنەوەی ئاو دەکەن لە ناوچەکە، کاتێک دەچن کاریان بۆ ناکرێت، لەبەر پیسی ناوچەکە و بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا