عێراق لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدایە - وێنە: ئەرشیفی 964
ئەنجومەنی کۆمسیاران پەسەندیکرد
لیستى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى پەسەندکرا
964+
ژووری هەواڵ
ئەنجومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق لیستى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى پەسەندکرد، فەرمانگەى هەڵبژاردنەکانیشى راسپارد بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست بۆ هەڵبژاردنەکە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.3.2024 بڵاویکردووەتەوە، ئەنجومەنەکە لە یەکەمین بڕیاریدا بە زۆرینەى دەنگ لیستى بەربژێرەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى بۆ ساڵى 2024 پەسەندکردووە.
د. عیماد جەمیل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەواڵەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و بەگوێرەی نوسراوی ئەنجومەنەکە، “ئەنجوومەنى کۆمیسیاران فەرمانگەى هەڵبژاردنەکانى راسپارد بەگرتنەبەرى هەر رێوشوێنێکى پێویست بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان”.
لە بەشێکى دیکەی نووسراوی ئەنجومەنەکەدا هاتووە، “لەکۆتایى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاراندا بڕیاردراوە بە بڵاوکردنەوەى دەقى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە ماڵپەڕى فەرمى کۆمیسیۆن”.
بەگوێرەى مەرسوومێک، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رۆژى 10ـى حوزەیرانى وەکو رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکردووە.