لە پشدەر
مزگەوت هەیە کاتژمێری بانگدانی حەوت دەقیقە جیاوازە لەگەڵ مزگەوتێکی دیکە
964+
محەمەد عەلی – قەڵادزێ
لە مزگەوتەکانی سنووری پشدەر، جیاوازی هەیە لە کاتی بانگدانی مزگەوتەکان، مزگەوت هەیە حەوت دەقیقە جیاوازی کاتی بانگدانی هەیە لەگەڵ مزگەوتێکی دیکە، ئەوقافی پشدەر خەریکە رێکیاندەخاتەوە.
هیوا قادر، بەڕێوەبەری تێبینەرایەتی ئەوقافی پشدەر بە 964ی وت، بەهۆی ئەوەی کاتژمێری مزگەوتەکان ئەلیکترۆنین و پێویستیان بە بەرنامە و ئەپدەیتکردنەوە هەیە، بۆیە بەشێکیان بەرنامەیان رۆیشتووە، ئەمەش جیاوازی دروست دەکات.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: مزگەوت هەیە حەوت دەقیقە لەگەڵ مزگەوتێکی دیکە جیاوازی هەبووە، هاوڵاتییان ناڕەزاییان هێنایە ئەوقافی پشدەر و ئێمەش بڕیارماندا بەر لەمانگی رەمەزان چاکیان بکەینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، تیمێکی شارەزا هاتوون بۆ بەڕێوەبەرایەتی تێبینەرایەتی ئەوقاف لە پشدەر، مامۆستا و بانگبێژانی مزگەوتەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کاتژمێرەکانیان بهێنن بۆ چاککردنی.
لەسنوری قەزای پشدەر، نزیکەی 300 مزگەوت هەیە، بەوتەی ئەو بەڕێوەبەرە تائێستا %80ـی کاتژمێرەکان چارە سەرکراون و بۆ مانگی رەمەزان هەمووی چاک دەکرێت.