سکەی قیتارەکەی خانەقینت بینیوە؟

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو، سەر بە قەزای خانەقین، رێڕەوێکی شەمەندەفەر هەیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 200 ساڵ بەر لە ئێستا، هێندە کۆنە بووە بە ئاسەوار.

سکەکە لە گەرمیان بە سکەی قیتارەکەی قۆرەتوو ناسراوە و خەڵکی ناوچەکە دەڵێن لە سەردەمی ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا دروستکراوە، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستن خەریکە پاشماوەکانی لەنێودەچێت.

لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا، رێڕەوەکە بە شەمەندەفەر هەردوو شاری قەسری شیرین و خانەقینی پێکەوە بەستۆتەوە و بەو هێڵەدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوە.

ساڵح محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964+ی راگەیاند،  لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی 500 شوێنەواری جۆراوجۆر بونیان هەیە “دەکرێت سکەی قیتارەکەی قۆرەتووش بکرێت بە شوێنێکی کەلەپووری.”

“لەگەڵ چەند زانکۆیەکی ئەمریکی و بەریتانی گرێبەستمان کردووە بۆ رووپێو کردنی ناوچە شوێنەوارییەکانی گەرمیان و تۆمارکردنی چەند ناوچەیەکی نوێ،” ساڵح محەمەد وای وت.

بەناوبانگترین شوێنەوارەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان پێکهاتوون لە قەڵای شێروانە لە شارۆچکەی کەلار، کۆشکی محەمەد پاشا لە گوندی تازەدێ، کۆشکی حەوشکوڕ لە گوندی حەوش کوڕوو، هەروەها بازاڕو قەیسەری کفری.