زیندانیانی سیاسی روویان لە بەغدایە


964+
دیلان محەمەد – سلێمانی

بەشێک لە زیندانیانی سیاسی لە سلێمانی داوایان لە پەرلەمانتاران کردووە داواکارییەکانیان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا.

داواکانیان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ماف و ئیمتیازاتەکانیان بخرێتەوە سەر بەغدا.

زیندانی سیاسی واتە کەسانێک کە لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق زیندانی کرابێت بە هۆکاری سیاسیی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی، باسی ئەوەی کرد، داوای ئەو کەسانەیان وەرگرتووە.

باسی لەوە کرد، ئەو کەسانە نیگەرانن لە یاسای ماف و ئیمتیازاتەکانیان، دەیانەوێت بخرێنە سەر بەغدا.

بە قسەی زیندانیانی سیاسی، حکومەتی هەرێمی کوردستان مینحەیەکی بە یاسا داناوە بۆ 10 ساڵ، ئێستا بەشێکیان ئەو 10 ساڵەیان تەواوکردووە، بەپێی یاساکە چیتر مافە داراییەکانیان پێنادرێت.

عوسمان عەلی نوێنەری زیندانیانی سیاسی بە 964+ی وت، “حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو عێراق حساب بۆ زیندانیانی سیاسی ناکات”.

دەشڵێت، پەنایان بردووەتە بەر ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن لەو رێگەیەوە ماف و ئیمتیازاتیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

بە قسەی ئەو، لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە کە فەرمان بە دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق بکات و ئەمانیش بخاتە سەر بودجەی فیدراڵی.

بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی، لە عێراق نزیکەی 100 هەزار زیندانی سیاسی هەن کە موچە وەردەگرن، لە هەرێمی کوردستانیش پێنج هەزار کەس دەبن.