زیدان سه‌رۆكی به‌ ده‌ركردن دا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فه‌ڕه‌نسا به‌هۆی لێدوانه‌كانی له‌ باره‌ی زه‌ینه‌دین زیدانی ئه‌ستێره‌ی ناوداری تۆپی پێ، له‌ كاره‌كه‌ی ده‌ركرا و جێگره‌كه‌ی شوێنی ده‌گرێته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فه‌ڕه‌نسا، پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ بڕیاری دا، نوێل لۆ گریت سه‌رۆكی فیدراسیۆنه‌كه‌ له‌سه‌ر كار لاببات، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی لێدوانه‌كانی له‌ باره‌ی زه‌ینه‌دین زیدانی یاریزانی پێشووی فه‌ڕه‌نسا و راهێنه‌ری پێشووی ریال مه‌درید.

لۆ گریت دوای نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی دیشامپ له‌ پۆستی راهێنه‌رایه‌تیی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا، رایگه‌یاندبوو زیدان ئه‌گه‌ر ته‌له‌فۆنیشی بۆ بكات وه‌ڵامی ناداته‌وه‌.

ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فه‌ڕه‌نسا كاردانه‌وه‌ی زۆر و توندی لێكه‌وته‌وه‌، وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی فڕه‌نسا و چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی تۆپی پێ و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی فه‌ڕه‌نسا، هه‌روه‌ها یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی به‌رگرییان له‌ زیدان كرد و لێدوانه‌كه‌ی لۆ گریتیان ئیدانه‌ كرد.

ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی فیدراسیۆنی فه‌ڕه‌نسا بڕیاری دا له‌ شوێنی لۆ گریت، فیلیپی دیالۆی جێگری سه‌رۆك، به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ببێته‌ سه‌رۆكی فیدراسیۆنه‌كه‌.

نوێل لۆ گریت ته‌مه‌نی 82 ساڵه‌، له‌ پاش لێدوانه‌كه‌ی به‌ فه‌رمی داوای لێبوردنیشی له‌ زیدان كرد، به‌ڵام هه‌ر له‌ كاره‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌.

لۆ گریت جگه‌ له‌و لێدوانه‌ی، كێشه‌ی دیكه‌شی هه‌یه‌ و تۆمه‌تباره‌ به‌ گێچه‌ڵی سێكسی به‌ خانمێك، كه‌ كاری بریكاری یاریزانان ده‌كات.