بەم شەوە

شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

+964

کامیار کەمال_ پێنجوێن

بەم شەوە، شۆفێرانی بارهەڵگرەکانی مەرزی سەیرانبەن لە بەردەم دەروازەی قەزای پێنجوێن دژی گواستنەوەی بارەکانیان بۆ مەرزی باشماخ، گردبوونەتەوە.

ھۆکاری گردبوونەوەی شۆفێرەکان، گواستنەوەی باری میوەیە لە مەرزی سەیرانبەنەوە بۆ پاشماخ، چونکە ترسیان ھەیە بەم گۆڕانکارییە بێکارببن.

شۆفێری بارهەڵگرێک بە 964ی راگەیاند: بەو بڕیارە بێکار دەبین و دەبێت بچینەوە بۆ ماڵەوە، بۆیە گردبوونەوەمان ئەنجامداوە و ئەمشەو لێرە دەبین.

ناڕەزایەتی شۆفێرانی مەرزەکە تەنیا ئەوەیە نایانەوێت باری میوە بدرێت بە بارھەڵگرانی مەرزی باشماخ، چونکە وەک شۆفێران قسەیان بۆ 964 کردووە، لە مەرزی سەیرانبەن زۆربەی بارەکان باری میوەن ئەگەر ئەوەیان لێ بسێننەوە وەکخۆیان دەڵێن: بێکار دەمێنینەوە.