''دڵنیابن بەدواداچوونی ورد دەکرێت''
ئیدارەی گەرمیان: دەبێ بزانین وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە خەتای کێ بووە
+964
ژووری هەواڵ
ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند دامودەزگاکان راسپێردراون لەوە بکۆڵنەوە ئاخۆ وەرگەڕانی مینی پاسەکەی ئەمڕۆ بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی هاتوچۆ بووە یاخود لەلایەن ئۆتۆمبیلی ترەوە ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ دروست کراوە.
لە ماوەی کاتژمێرێکدا ئیدارەی گەرمیان دوو راگەیەندراوی بڵاوکردەوە لەسەر رووداوە هاتوچۆکەی ئەمڕۆ، لەیەکەمیاندا سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە گەرمیان راگەیاند و لە دووهەمیشیاندا دەڵێ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین.
راگەیەندراوەکەی دووەم کەمێک پێش ئێستا بوو، تیایدا هاتووە ”سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە لێکۆڵینەوە لەهۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکە بکەن کە بە هۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی هاتوچۆ بووە یاخود لەلایەن ئۆتۆمبیلی ترەوە ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ دروست کراوە، لێرەشەوە دڵنیایی دەدەین بە کەسوکاری قوربانیان و هەموولایەک لەوبارەوە بەدواداچوونی وورد دەکرێت”.
رووداوە گەورەکەی نێوان کەلار و کفری هەمووانی هێنایە دەنگ
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئایار، لەسەر رێگای کەلار و کفری مینی پاسێک وەرگەڕا کە قوتابیانی ئامادەیی باکووری لەکەلارەوە بردبوو بۆ کفری تا گەشتی زانستی ئەنجام بدەن، لە رێگای گەڕانەوە لە نزیک گوندی حەسیرە مینی پاسەکە وەرگەڕا، چوار قوتابی گیانیان لەدەستداو حەوتی دیکە بریندار بوو، دوان لەوانەی گیانیان لە دەستدا خوشک بوون.
دانیا ئەحمەد لەتیف، کەوسەر ئەحمەد لەتیف، شەم سامان، ئارەزوو سەردار، ئەو چوار کچە بوون کە لە رووداوەکەی ئەمڕۆدا گیانیان لە دەستدا، حەوت کەسی دیکەش بریندارن.