نابیستان داوای مۆڵەتی شۆفێری دەکەن

ژمارەیان هەشت هەزار کەسە

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

Unsplash

نابیستانی هەرێمی کوردستان داوای مۆڵەتی شۆفێری دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان یاسایەک نییە رێگە بە نابیستان بدات مۆڵەتی شۆفێرییان هەبێت، ئەوەش ناڕەزایەتیی ئەوانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئاماری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەشت هەزار نابیست بوونیان هەیە و بە ڕێژەی جیا بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا دابەش بوون.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێم بە میدیازانی راگەیاند: تا ئێستا هیچ ڕێنمایی و یاسایەک نییە مۆڵەتی شۆفێری بدات بە نابیستان، هەرچەندە داواکارییەکی زۆر هەیە و بەردەوام نابیستان داوامان لێ دەکەن کار بکەین مۆڵەتی شۆفێرییان پێ بدرێت.

لە ماددە ٦ـی یاسای ژمارە ٨ـی هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەنپێداویستیی تایبەتی ساڵی ٢٠٢١ـی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە: “کەمئەندامان و کورتەباڵایان مافی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێرییان هەیە.” بەڵام وتەبێژەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم دەڵێت، هیچ رێنماییەک لە بەردەم لیژنەی پزیشکیدا نییە مۆڵەتی شۆفێریی پێ بداتە نابیستان.

“لاڵ و نابیست مۆڵەتی شۆفێرییان پێ دەدرێت ئەگەر هاتوو توانای خوێندنەوەیان هەبوو”

رێنمایی حکومەتی عێراق، ژمارە 15ی ساڵی 2015

بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی عێراقی کە بە ژمارە ٥٧١ـی ساڵی ٢٠١٥ گشتاندنی بۆ کراوە، لاڵ و نابیست مۆڵەتی شۆفێرییان پێ دەدرێت ئەگەر هاتوو توانای خوێندنەوەیان هەبوو. هەروەها ئەگەر ڕێژەی بیستنەکەیان لە نیوە زیاتر بوو، لەگەڵ ئەوانەش هێمای تایبەت لە مۆڵەت و ئۆتۆمبێلەکانیان دەدرێت.

بەختیار محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند: ئێمە نووسراومان بەرز کردووەتەوە، کە نابیستێکی زۆر داوای مۆڵەتی شۆفێری دەکات، بۆیە چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی ناوخۆین تا رێنمایی بگشتێنن و لیژنەیەکی تەندروستی بۆ ئەو مەبەستە دروست بکرێت.

لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هێما و نیشانەی تایبەت بە نابیستان بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بوونی نییە.

د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە میدیازانی وت: “نووسراومان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ هاتووە تا رێنمایی پزیشکی دەربکەین، ئێستا هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دروست کردووە و بڕیارە لیژنەیەک لەنێوانماندا دروست بکەین.”

پرس و باسەکە بۆ نابیستان تا ئێرە جێگەی دڵخۆشی نییە، چونکە نەتواندراوە مافی لێخوڕینی شۆفێرییان پێ بدرێت، تەنانەت ئەگەر نابیستییەکەیان کەمتر لە نیوەش بێت.

“ئێمە بە هەماهەنگیی لیژنەی تەندروستی سەردانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتیمان کردووە و نووسراویشمان بۆ ناردوون، کە پێویستە رێنمایی هاتووچۆ و پزیشکی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری لە لایەن نابیستانەوە دەربکرێت”، شاخەوان رەئووف مستەفا، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان وای بە میدیازان وت.