دروشمێکی راپەڕین لە یەکێک لە شەقامەکانی ناو رانییە - وێنە: 964
چی دەکرێت؟
رانییە ئامادەکاری بۆ یادی راپەڕین دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
شاری رانییە ئامادەکاری دەکات بۆ یادی راپەڕین کە چوار رۆژی ماوە، قایمقامی شارەکە دەڵێت، تا ئێستا لەسەر ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی ئاهەنگی جەماوەری یەکلایی نەبوونەتەوە.
رانییە بە دەروازەی راپەڕین دادەندرێت، کاتێک وەک یەکەم شاری کوردستان لە 5.3.1991 یەکەم بڵێسەی راپەڕین تێیدا هەڵگیرسا و دواتر شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانی گرتەوە.
حسێن محەمەد، قایمقامی قەزای رانییە بە 964ـی راگەیاند، ئێستا لۆگۆ و دروشمەکانیان تەواو کردوون و هەڵیانواسیون و تا رۆژی یەکشەممەش ریزبەندیی تەواوی چالاکییەکانیان بڵاودەکەنەوە.
وتیشی، “مۆنۆمێنتەکە دەڕازێندرێتەوە و هەرکەس ئازادە سەردانی رانییە بکات و گوڵ لە مۆنۆمێنتەکە دابنێت و تیمێکی پڕۆتۆکۆڵیشی لێدەبێت، بەڵام وتاردانی تێدا نابێت”.
964 دەزانێت چالاکییەکانی ئەو یادە سێ رۆژ دەخایەنێت، دیبەیتی زانستی و کەرنەڤاڵی زانکۆیی ئەنجام دەدرێن، “بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە ئاخۆ ئاهەنگی جەماوەری ساز بکەین یاخود نا و تا رۆژی یەکشەممە یەکلایی دەبینەوە” حسێن محەمەد ئەمەی وت.
راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە 5ـی ئازاری ساڵی 1991 دەستیپێکرد و تا 21ـی هەمان مانگ سەرجەم شار و شارۆچکەکان بە شاری کەرکوکیشەوە لە دەست رژێمی پێشووی عێراق دەرهێندران.