بۆ کاتژمێر 10:00ـى شەو

بۆ دووەمجار کاتى دەنگدان لە هەڵبژاردنى ئێراندا درێژ کرایەوە

964+

وریا فەتاح

وتەبێژى دەزگاى هەڵبژاردنەکانى ئێران، بۆ جارى دووەم لەمڕۆدا، کاتى پڕۆسەى دەنگدانى راگەیاند و بەوەش تا کاتژمیر 10:00 بە کاتى ئێران و کاتژمێر 9:30 خولەک بە کاتى هەرێمى کوردستان، هاوڵاتیانى ئێران دەتوانن دەنگ بدەن.

ئاژانسى هەواڵى تەسنیمى ئێرانى، لە زارى موحسین ئیسلامى، وتەبێژى دەزگاى هەڵبژاردنەکانى ئێرانەوە بڵاوى کردەوە، بەهۆى قەرەباڵغى خەڵک لە بەردەم بنکەکانى دەنگداندا، کاتى دەنگدان بۆ کاتژمێر 10:00ى ئەمشەو درێژکرایەوە کە دەکاتە کاتژمێر 9:30 خولەک بە کاتى باشورى کوردستان.

درێژکردنەوەى کاتى دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەى ئەمڕۆدا، دووەمجارە درێژ دەکرێتەوە.

کاتژمێر 8:00ـی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە 59 هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران هەڵبژاردنی خولی دوانزەهەمینی پەرلەمان و خولی شەشەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شارەزایان دەستیپێکرد.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە شارەکانی ئێران بڵاودەکرێنەوە رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگدان بە ئاستێکی زۆر کەمە، ئەمە لەکاتێکدایە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی کەمپەینی “بایکۆت”ی ئەو هەڵبژاردنەیان راگەیاندووە، بەڵام دەزگای هەڵبژاردنی ئێران دەڵێت بەشداری خەڵک ئەم خولە باشترە لە خولی پێشوو.

ئەمڕۆ لە ئێران 61 ملیۆن و 172 هەزار و 298 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 30 ملیۆن و 945 هەزار و 133 پیاو و 30 ملیۆن و 227 هەزار و 165 ژن.

ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران لە 88 کورسی پێکدێت و 144 کاندید کێبڕکێ بۆ بەدستهێنانی ئەو کورسیانە دەکەن.

پەرلەمانی ئێران کە لە 290 کورسی پێکدێت 15 هەزار و 200 کاندید لە 31 پارێزگاوە کێبرکێ دەکەن و لە 12%ـەی کاندیدەکان ژنن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دەستیپێکرد

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دەستیپێکرد