ئەمڕۆش قەینا، بەس دوو سێ رۆژی تر دەیڕوخێنین
گەڕەکی رۆشنبیری نایەوێت پردەکەی بڕوخێندرێت
میدیازان – مەریەم ئەحمەد – هەولێر
ئەمڕۆ شارەوانی 5ی هەولێر چووە بۆ رووخاندنی پردێک لە گەڕەکی رۆشنبیری، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە رێگرییان لێکردوون، ئەوانیش وتویانە دوو یان سێ رۆژی دیکە دێنەوە و دەیڕوخێنن.
ئەو هاوڵاتیانە دەڵێن لەسەر ئەرکی خۆیان ئەو پردەیان دروستکردووە، کارئاسانییەکە بۆیان، ئەگەر بڕوخێندرێت ئەوا رێگای هاتوچۆیان دووردەکەوێتەوە.
راوێژ وەیسی، هاوڵاتییەکی گەڕەکی رۆشنبیرییە، ئەو بە میدیازانی وت، “خۆمان ئەم پردەمان دروستکردووە، تەنها بۆ پیادەیە و رێگامان بۆ نزیک دەکاتەوە، پردی زەیتون، پردە تازەکە، نیو کیلۆمەتر دوورە لێمانەوە و هاتوچۆمان دووردەخاتەوە”.
میدیازان دەزانێت گەڕەکی رۆشنبیری زیاتر لە هەزار ماڵی تێدایە، ئەم پردە خەڵکەکە خۆیان دروستیان کردووە لەسەر ئەو کەندەی ئاوەرۆو ئاوی لافاوی پیادا تێدەپەڕێت.
ئەندازیار رێبوار حەسەن، بەڕەێوەبەری ئاودێری هەولێرە، ئەو هۆکاری رووخاندنی پردەکەی بۆ لافاو گەڕاندەوە، “قەبارەی ئەم پردە زۆر بچوکترە لە رێژەی ئەو ئاوەی لەژێر ئەم پردە هەیە، لەبەر ئەم هۆکارە بریاڕی رووخاندنی دراوە”.
میدیازان دەزانێت، ئەمڕۆ لیژنەکەی شارەوانی 5ی هەولێر دەستبەرداری ئیشەکەیان بوون، بە خەڵکی گەڕەکەکەیان وتووە، “ئەمڕۆ قەینا، بەڵام دوو یان سێ رۆژی دیکە دێینەوە و دەیڕوخێنین”.