کەس تاقەتی ئێکسی نییە

دوای نیو ساڵ لە گۆڕانی ناوی خەڵك هێشتا توویتەر بەکار دەهێنن

964+

عادل کانەبی

دوای زیاتر لە شەش مانگ لە گۆڕانی ناوی توویتەر بۆ ئێکس، هێشتا خەڵک و بەکارهێنەرانی تۆڕەکە بە توویتەر ناوی دەهێنن و هەروەها دۆمەینی ماڵپەڕەکەش هەر توویتەرە.

لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیای ئێکس (توویتەری پێشوو) ناوی توویتەری بۆ ئێکس گۆڕی و رایگەیاندووە تۆڕێکی فراوان دروست دەکات، کە هەموو شتێکی تێدابێت.

دوای زیاتر لە شەش مانگ چی گۆڕدراوە؟

لە دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 کۆمپانیای توویتەری کڕییەوە، هەر لە سەرەتاوە دەستیکرد بە گۆڕانکاری لە ستافی کۆمپانیاکە و دواتریش دەستیکرد بە زیادکردنی خزمەتگوزارییەکانی توویتەری ئەو کات، لەوانەش پێدانی سەحە شینەکە بە بڕیک پارەی مانگانە، هەروەها زیادکردنی بەشی هەلی کار لە تۆڕەکە و ئێستاش کار دەکەن بۆ زیادکردنی پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێو تۆڕەکە.

بۆچی تا ئێستا خەڵک هەر توویتەر بەکار دەهێنن؟

بو گوێرەی بە دواداچوونی 964 ئەگەر ئێستا لە گووگڵ بنووسیت x.com (http://x.com/) ئەوا هەر دەتباتەوە بۆ دۆمێنەکەی پێشوو کە twitter.com (http://twitter.com/) ە، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانە.

یەکێک لە شارەزایانی بواری براندینگ و راوێژکاری بازرگانی بە ناوی رامۆن جیمینز دەڵێت، یەکێک لەو هۆکارانەی کە خەڵک ناتوانێت واز لە وشەی توویتەر بهێنێت ئەوەیە، راهاتووە بە وشەی توویتکردن، ئەمەش بە هەمان شێوە بۆ گووگڵ راستە، ئێمە ئەگەر سێرچ لە گووگڵ بکەین دەڵێین گووگڵمان کرد ئەمەش بووە بە خوو.

هەروەها بەشێک لە شارەزایان دەڵێن، بەکارهێنەرانی ئێکس (توویتەری پێشوو) لەگەڵ ئەوە رانەهاتوون و گۆڕینی ناوی توویتەر بە دڵی ئەوان نەبووە.

لە ساڵی 2022 خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا، ئیلۆن مەسک کۆمپانیای توویتەری بە بڕی 44 ملیار دۆلاری کڕییەوە و دوای کەمترلە ساڵێک ناوی تۆڕەکەی بۆ ئێکس گۆڕی.