لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی لەنگەی هەولێر. فۆتۆ: ئەرشیفی 964
پارێزگای هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
بەهۆی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی بازاڕی لەنگە 166 دوکان سوتاون
فەهمی نەبی
پارێزگاری هەولێر لەسەر سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەهۆی ئاگرەکەوە لە کۆی دوو هەزار و 400 دوکان 166 دوکان سووتاون.
ئەوەش هاتووە، 90 کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاوڵاتییان بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو بوو، لەو ژمارەیە 24 کەس گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و سەرجەمیان دوای چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی پارێزگاری هەولێر، بەرزی ئاگرەکە سێ مەتر بووە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبووە هەربۆیە چەندین تیمی بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی4 و سەرۆکایەتی شارەوانی لەو شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەرجەم لایەنەکان پێکهاتووە بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە و هەر ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانی بازاڕەکە لەلایەن لیژنەکانەوە تەواوی بازاڕەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی پاککرایەوە.
سەر لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دروستبوو، دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر ئینجا توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت.