فڕۆكە نییە بگەڕێنەوە

عەمرەكارانی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیریان خواردوە

+964

ئەحمەد محەمەد –  سلێمانی

ژمارەیەك عەمرەكاری هەرێمی كوردستان، بەهۆی نەبوونی فڕۆكە لە خاكی سعودیەوە گیریان خواردوە و ناتوانن بگەڕێنەوە، بەڕێوەبەری گشتیی حەج وعومرەش دەڵێت، “بەهۆی كەمی فڕۆكەوە کێشەکە دروست بووە”.

زاگرۆس كەمال ، یەكێك لەو عەمرەكارانەی لە مەدینەیە و لە پارچە ڤیدیۆیەكدا، كە بۆ 964ی ناردووە دەڵێت، “سێ رۆژە ماوینەتەوە و هەیە لەگەڵماندایە هەفتەیەكە چاوەڕێی گەڕانەوەیە، نزیكەی 20 قافڵە زیاترین و هەر قافڵەیەكیش 50 بۆ 60 كەسە، چاوەڕوانی فڕۆكە دەكەین، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە كوردستان”.

وتیشی، “خاوەنی هوتێلەكانی مەدینە خەڵك دەردەكەن، نانی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارەشمان لەسەر گیرفانی خۆمان بووە، چەند رۆژە هوتێلەكان خزمەتگوزارییەكانیان راگرتووە، بەهۆی تەواوبوونی كاتەكەمانەوە، داواكارین دەنگمان بگەیەنن و بەڵكو بگەڕێینەوە هەرێم”.

نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “هێڵەكانی فڕۆكەوانی بە سەرە عەمرەكاران دەگەڕێننەوە، پێشتر سێ هێڵی فڕۆكەوانی عەمرەكارانیان دەگواستەوە، ئێستا تەنیا هێڵی فڕۆكەوانی عێراقی لەكاردایە”.

ئەو بەڕێوبەرە باسی لەوەش كرد، “ئێستا عەمرەكارێكی زۆرمان دەچن بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەركە ئاینییە، لەبەر ئەوە لۆدێكی زۆر دروست بووە، هێڵی فڕۆكەوانی بەغداد و هێڵی ناس-ی سعودیش قەدەغەكراون، ئێستادا تەنیا یەك هێڵی گواستنەوەمان هەیە، هەوڵی بەردەوامیشمان داوە بۆ چارەسەركردنی و لەسەرهێڵین، بۆ ئەوەی چەند هێڵێكی ناوخۆیی و دەرەوەش بهێنین بۆ گواستنەوەی عەمرەكارانی هەرێم” .

مانگی پێشووش زیاتر لە 1000 عەمرەكاری هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیریان خواردبوو، دواتر بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی حەج وعومرەی كوردستانەوە، بە چەند قافڵەیەك گەڕێنرانەوە هەرێم.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

گەشتی ژمارەیەک عومرەکاری سلێمانی کێشەی تێکەوتووە

گەشتی ژمارەیەک عومرەکاری سلێمانی کێشەی تێکەوتووە