ساڵی رابردوو هەرێم لە فرۆشتنی نەوتدا “قازانج سەرى مایەی خواردووە”

964+

فەهمی نەبی -هەولێر

بەپێی ئەو داتایانەی لە رێگەی هەردوو فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دیلۆت دەستخراون، دەرکەوتووە لەساڵی 2022، کۆمپانیاکانی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت بڕی ملیارێک و 723 ملیۆن دۆلاری زیاتر، پارەیان لە حکومەتی هەرێم دەستکەوتووە.

بە تێکڕا لە ساڵی 2022، حکومەتی هەرێم بەبەهای پێنج ملیار و 563 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام هەرچی کۆمپانیاکانی فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتن، گەیشتۆتە حەوت ملیار و 286 ملیۆن دۆلارە، لەو نێوەندە کۆمەڵێک کۆمپانیا و لە هەمان کاتدا وڵاتی تورکیا تیایدا سودمەند بوون.

کۆمپانیای دیلۆیت، داتای سێ مانگی یەکەمی 2022-ی بڵاوکردوەتەوە، لە داتای ئەو کۆمپانیایە هاتووە، هەرێمی کوردستان لەو سێ مانگە بە بەهای سێ ملیار و 63 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام بڕی داهاتی گەڕاوە بۆ هەرێم تەنیا یەک ملیار و 343 ملیۆن دۆلار بووە.

داتاکانی فرۆشتنی نەوت پشت بەستووە بەو ئامارانەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەت بڵاویکردوەتەوە.

داتاکان ئەوە دەردەخەن، لەماوەی ساڵی 2022، هەرێم زیاتر لە یەک ملیار و 322 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. بەجۆرێک داهاتی تێکڕای ساڵەکە بە گشتی نزیکەی 13 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لەو رێژەیە داهاتی  فرۆشتنی نەوت بۆ هەرێم پێنج ملیار و 563 ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە بە رێژەی %44، بەڵام هەرچی کۆمپانیاکان و حکومەتی تورکیایە بەڕێژەی %56 قازانجیان کردووە.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان، لە پەرلەمانی کوردستان بە 964+ی وت “کۆمپانیاکانی بواری نەوت لەلایەک و تورکیا لەلایەکی دیکە %56 داھاتیان لە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم ھەبووە و  ھەرێمی کوردستان،  %44 داھاتی فرۆشتنی نەوتی بۆ ماوەتەوە، جگە لەوە نەوتی ھەرێم بە 12دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت فرۆشراوە”.

عەلی حەمە ساڵح، لەبارەی جیاوازی لەو رێژەیە ئەوەشی وت “خەرجی کۆمپانیاکان زۆر زۆرە، ئەو پارەیەی خەرجی دەکەن هەمووی وەردەگرنەوە، بەشێکی تری قازانجی کۆمپانیاکانە لەو گربەستانەی لەگەڵ هەرێم کردویانە، جگە لەوانەش، گرانی کرێی گواستنەوە و نرخی بۆڕیە، لە سنوری ھەرێم ئەو نەوتە کە دەگاتە تورکیا، کۆمپانیای وزەی تورکی دەیگوازێتەوە و ئەویش بەشێکی کرێیەکە وەردەگرێ”.

ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لە ماوەی ساڵی 2022، پرۆسەی دەرهێنانی نەوتیان لە هەرێم ئەنجامداوە و پارەیان لە حکومەت وەرگرتووە، 14 کۆمپانیان.

هەردوو کۆمپانیای KCP کارگروپ و  رۆسنەفتی روسی، خاوەنداریەتی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی هەرێم دەکەن بۆ بازاڕەکانی جیهان.

لەساڵی 2021، هەرێمی کوردستان، 151 ملیۆن و 211 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، داهاتەکەی بۆ هەرێم سێ ملیار و 870 ملیۆن دۆلار بووە.

بەڵام لە ساڵی 2022،  هەرێم 149 ملیۆن و 724 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، داهاتی  فرۆشتنی نەوت بۆ هەرێم لەو ساڵەدا، پێنج ملیار و 563 ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە.

بەو پێییە بێت هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022، بەبەهای یەک ملیار و 693 ملیۆن دۆلار زیاتر داهاتی لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە.

هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەڵام لەساڵی 2022، حکومەتی هەرێم تەنیا 11 مووچەی دابەشکردوە و مووچەی مانگێکی فەرمانبەران بەردەوام لەو ساڵەدا دواکەوتووە.