دیمەنێک لە بەفربارین لە ناوچەی باڵەکایەتی _ وێنە: 964
"سەرماکە وایە بەس بەفرەکە نا"
دوو کەشناس: ئەوەی دەبارێ پرووشە بەفری لوتکەی چیاکانە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە بڵاوکارەکان هەواڵی بەفربارین لە ناو خەڵک بڵاوکراوەتەوە، کە وا نیشان دراوە ناوەندی شارەکانیش دەگرێتەوە، دوو کەشناس دەڵێن، ئەوەی دەبارێت بەفر نییە، با بەهێزەکە بەفری لووتکە چیاکان دەهێنێتە ئاسمانی شارەکان.
بە نزیکەی چوار رۆژە، کەشناس و پێشبینی کارەکانی کەشوهەوا، هۆشداری لە هەڵکردنی بایەکی بەهێز و دابەزینی پلەکانی گەرما دەدەن بۆ ژێر سفر لە ناوچە شاخاوییەکان و هەڵکردنی سەرمایەکی بەهێز لە ناو ناوەندی شارەکان لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە 24.2.2024، سالار عەلی، کەشناس بە 964ی وت، ئەوەی دێتە ئاسمانی ژمارەیەک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارینی بەفر نییە، بەڵکو ئەو با بەهێزەی لەسەر ناوچەکانی وڵاتی ئێران و باکووری ئێران، شەپۆلێکی وشکە سەرمایە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئەوەش لەگەڵ چالاکبوونی بای باکووری رۆژھەڵات.
وا پێشبینی دەکرێ سەرما و با بەهێزەکە، لە رۆژی 25.2.2024 وە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوامبێت، ئەو کەشناسە داوای کرد، هۆشداری خۆپارێزی لە وشکەسەرمای سارد بۆ ئەوەی نەبێتە پەتای وەرزی، پێویستە ئەمشەو لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بڵاوبکرێتەوە.
پێشبینیکاری کەشوهەوا، پشتیوان ئیبراهیم لە بارەی بارینی بەفر لە سبەینێ یەکشەممەوە بە 964ی وت، “بەفربارین لە شاری سلێمانی دوورە لە راستی”، ئەو وتی، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بۆ شەو ناوبەناو ئەگەری باران هەیە، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری ڕێژەکە لە 1 بۆ 2 ملیم زیاتر یان کەمتر دەبارێ.
ئەو وتی، هاوتای با بەهێزەکە و دروستبوونی وشکە سەرما کە لە ئێرانەوە دێت، هاوکات بەهۆی ئەو شەپۆلەی دەریایی سورەوە کە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە و دەگاتە سنوورەکانی ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای هەڵەبجە، پێنجوێن و دەوروبەریان و رێژەکە بە پێی ناوچەکان جیاواز دەبێت.