مۆنۆمێنتی هەڵەبجە - وێنە: 964
واژۆی حکومەتی لەسەرە
964 دەقی حەوت بڕیارەکەی وەبەرهێنان بۆ هەڵەبجە بڵاودەکاتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لەسەر پێشنیاری یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستان لقی سلێمانی، حەوت بڕیار بۆ هەڵەبجە دەچێیە بواری جێبەجێکردنەوە و 964 دەقەکەی بڵاودەکاتەوە.
بڕیارەکان لەلایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیرانەوە واژۆیان لەسەر کراوە.
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنانی کوردستان بە 964ی وت، بەجێبەجێکردنی ئەم بریارانە دەیان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە هەڵەبجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، و ئابوری شارەکە دەچێتە قۆناغێکی ترەوە، و چەندین وەبەرهێنەر لە کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەهێنێتە هەڵەبجە.
بە قسەی یاسین مەحمود بێت، دەیان بازرگان و وەبەرهێن لە چاوەڕوانی ئەوەدان بڕیارەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، و بێنە پارێزگاکە بۆ دەستکردن بە پرۆژەکانیان.
پرۆژەکانیش بریتین لە:
یەکەم : بەخشین و بەدەرکردنی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆمەڵێک ڕێنمانن کە تایبەتن بە ئانجامدانی پرۆژە لە هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراوی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ژمارە(584-585-586)، لە بەرواری 5/5/2021، تایبەت بە ڕێنماییەکانی ژمارە (1-2-3)، کە پەیوەستن بە ( کرێی خزمەتگوزاری ، نرخی هاندراوی کرێی بانەوانی و نرخی هاندراوی زەوی بۆ تملیک بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان، تەرخانکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان).
دووەم: کار بە بڕگەکانی یاسای وەبەرهێنان ژمارە 4 ی ساڵی 2006 بکرێت، وە هەرپرۆژەیەک لەم پارێزگایە جێبەجێ بکرێت پاڵپشت بە مادەی شەشەم، وەک پرۆژەی وەبەرهێنان لە ناوچە کەم پەرەسەندووەکان، هاژمار بکرێت و لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە هاندان و ئاسانکاری زیاتریان بۆ بکرێت، هەروەها ماوەی بەخشینی گومرگ لە 5 ساڵەوە بکرێت بە 10 ساڵ، وە ماوەی بەخشینی باج و ڕەسمی ناگومرگی لە 10 ساڵەوە بۆ بکرێت بە 20 ساڵ.
سێیەم: قەبارەی سەرمایەی تێچوونی پرۆژەی وەبەرهێنان لە پارێزگای هەڵەبجە کەمبکرێتەوە بۆ ( 500،000$) پێنج سەد هەزار دۆلار، واتە هەرپرۆژەیەک بەو سەرمایەیە پێشکەش کرا بە پرۆژەی وەبەرهێنان هەژمار بکرێت،
چوارەم: تەرخانکردنی زەوی لەم پارێزگایە بەشێوازی تملیک بێت.پێنجەم: بە مەرج گرتنی پێدانی هەندێک لە پرۆژەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی و هەرێم بە گشتی، کە پرۆژەی ستراتیجین وەبەرهێنەرەکەی ناچار بکرێت، کە لە پارێزگای هەڵەبجە پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی مامناوەند جێبەجێ بکات، یاخود پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری بێ بەرامبەر پێشکەشی ئەم پارێزگایە بکات.
شەشەم: زۆرترین زەوییەکانی پارێزگای هەڵەبجە کشتوکاڵین و بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پرۆژەی وەبەرهێنان، بۆیە پێویست دەکات وەزارەتی کشتوکاڵ ڕاسپێرن بۆ بەخشین و تەجاوزکردنی ئەم پارێزگایە لەو ڕێنماییانەی، کە ڕێگرن بۆ کوژاندنەوەی زەویە کشتوکاڵیەکان، یاخود هەمووارکردنەوەی ڕێنماییەکان بە جۆرێک، کە هاندەر بێت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێ لەبری ئەوەی کۆسپ و گرفت بن.
حەوتەم: کەمکردنەوەی کرێی کارەبای پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەم پارێزگایە پاڵپشت بە بڕگەی ( یەکەم) لە ماددەی شەشەم ی یاسای وەبەرهێنان ژمارە (٤)ی ساڵی ( 2006).