گۆشتی سوور گرانبووە

وەزیری بازرگانی هەرێم: رێکارەکانی هەرزانبوونی گۆشتمان داوەتە حکومەت

964+

ژووری هەواڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان، خواست لەسەر گۆشتی سوور زیادیکردووە و نرخەکەی بۆ هەر کیلۆیەک نزیکەی سێ هەزار دینار چووەتە سەری، وەزارەتی بازرگانی هەرێمیش دەڵێت، هەوڵی هەرزانکردنی دەدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.2.2024، کەمال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی رایگه‌یاند، نوسراویان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و چەند رێکارێکیان بە مەبەستی هەرزانکردنی نرخی گۆشت و هۆکارەکانی گرانبوونەکەی روونکردووەتەوە.

ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراقیش لەبارەی گرانبوونی گۆشتی سوور قسەی کرد و وتی، لە ھەموو عێراق گران بووە و لەرێگەی کەرتی تایبەت و زیاتر چاودێریکردنی بازاڕەوە هەوڵی هەرزانکردنی دەدەن.

هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، نرخی گۆشتی سوور لە کۆتایی مانگی ئادار دادەبەزێت و سێ ھۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەی خستەڕوو.

محەمەد خەزاعی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سووری گەڕاندەوە بۆ خواستی زۆر لەسەر گۆشتی ناوخۆیی وەک لە گۆشتی ھاوردەکراو، هەروەها دەڵێت، ئاژەڵداران بەرەو ئەو ناوچانە رۆشتوون کە ئاو و سەوزاییان ھەیە، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئاژەڵەکانیان بڕەخسێنن.

ھۆکارێکی دیکەش بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەیە ھەزاران ئاژەڵ لە زۆنگاوەکان بەھۆی وشکەساڵییەوە لەناوچوون.

له‌ سلێمانى دوو هه‌زار دینار چووه‌ته‌ سه‌ر نرخى هەر ...

له‌ سلێمانى دوو هه‌زار دینار چووه‌ته‌ سه‌ر نرخى هەر كیلۆیه‌ك گۆشتی سوور