“خێرخواز نەبێت کارمەندانی شێرەی نەقیب دەخنکێن لە تینوێتی”

964+
هونەر فارس – کەلار

لە مانگی نۆی ساڵی رابردووەوە خواردن لە نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب بۆ پزیشک و کارمەندان نییە و خێرخواز لە رێی خوا ئاو بۆ نەخۆشخانەکە دابین دەکات، بە وتەی کارگێڕی نەخۆشخانەکە.

جگە لە گرفتی نەبوونی دەرمان و کەمی کارمەند و نەبوونی دکتۆری بەنج، نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب لە کەلار بەدەست نەبوونی خواردنەوە دەناڵێنێت.

گۆران محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەکە بۆ +964 وتی، بەهۆی سەرفنەکردنی پارەوە لە 25ی ئەیلولی رابردووەوە، چێشتخانەی نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب داخراوە و پزیشک و کارمەند دەبێت لە ماڵەوە خواردن بۆ خۆیان بهێنن.

ئەوەشی نەشاردەوە کە هەندێک جار خۆیان پارە کۆدەکەنەوە و هەندێک جاریش خێرخواز ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد کە نەسریەی نەخۆشخانەکەیان مانگانە یەک ملیۆن دینارە و تەنیا بەشی گۆڕینی گڵۆپ و پێداویستییە لاوەکیەکان دەکات.

نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیبی تایبەت بە ژنان و منداڵبوون لە 15 بەش پێکدێت و رۆژانە نەخۆش بەشێوەیەکی بەرچاو سەردانی دەکات.