وێنەی ئەو کەسەی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. فۆتۆ: دەزگای ئاسایشی هەرێم
لەدوای 20 رۆژ
بکوژی سەرەکی پیاوە بەتەمەنەکەی هەڵەبجە ئاشکرا بوو
ژووری هەواڵ
تۆمەتباری کوشتنی هاوڵاتییەک لە هەڵەبجە، لەدوای نزیکەی 20 رۆژ دانی بە تاوانەکەیدا نا، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت، بە هەڵە تەقەی لە هاوڵاتییەکە کردووە و کێشەی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.2.2024، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، تۆمەتباری کوشتنی هاوڵاتییەکەی گەڕەکی گوڵان لە پارێزگای هەڵەبجە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو بکەری سەرەکی رووداوەکەیە.
“ئەم کەسە لەدوای دەستگیرکردنی لێکۆڵینەوەیەکی زۆری لەگەڵدا کرا، سەرەتا دانی بە تاوانەکەیدا نەنا، بەڵام دوای هەڵگرتنەوەی بەڵگەی تاوان و بەدواداچوون، دەرکەوت ئەو چەکەی کە لە ماڵەکەیدا دەستیبەسەردا گیرا هەمان ئەو چەکەیە کە تاوانەکەی پێئەنجامداوە”، عەقید سەلام عەبدولخالق وای وت.
رووداوەکە لە شەوی 28.1.2024 روویداوە، کوژراوەکە هاوڵاتییەکی تەمەن 85 ساڵە و لەکاتی چوون بۆ مزگەوت تەقەیلێکراوە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.
بکوژ لە کاتی دانپێناندا، گوتویەتی کە بە هەڵە تەقەی لەو هاوڵاتییە کردووە و کێشەی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هەبووە، دەزگای ئاسایشی هەرێم وا دەڵێت.