لە هەولێر سەربڕخانەیەک بەڕێوەیە
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر
بڕیاره له مانگى ئایاری ئه‌مساڵ پڕۆژەی سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر بكه‌وێته كار، به‌ڕێوه‌به‌رى دارایی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش دووپاتى ده‌كاته‌وه، هه‌وڵده‌ده‌ن به هه‌مان نرخى ئێستا، به‌رهه‌مه‌كانی گۆشت بخەنە بازاڕه‌وه.
پڕۆژه‌ى سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر، پڕۆژه‌یه‌كى وه‌به‌رهێنانه له‌سه‌ر رووبه‌رى 269 دۆنم زه‌وى دروستده‌كرێت، مانگى كانوونى یه‌كه‌مى 2022 مۆڵه‌تى پێدراوه، ماوه‌ى 24 مانگیش دانراوه بۆ ته‌واوكردنى، كه‌وتووەته سه‌ر رێگاى گوێڕ.
دڵشاد جه‌بار، به‌ڕێوه‌به‌رى دارایی پڕۆژه‌ى سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر، به +964 ى وت “ئەم پڕۆژەیە لە سێ بەش پێکهاتووە بۆ دابینکردنی باشترین بەرهەمی گۆشت و باشترین شێوازی ئاژەڵداری کە بەشی قەسابخانە و حه‌سارەکان و مەیدان له‌خۆده‌گرێت و خێرایی و سەلامەتی و تەندروستی مسۆگەر دەکات”.
بە قسه‌ى ناوبراو، پڕۆژه‌كه‌یان 500 خانه‌ى ئاژه‌ڵان له‌خۆده‌گرێت و به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش، پێداویستی تەواوی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش دابین ده‌کات.
“ته‌واوى ئه‌و ئامێرانه‌ى له‌و پڕۆژه‌یه كاری پێده‌كرێن، پێشکەوتوون و لە وڵاتی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا هاوردە کراون، به‌پێی پلانەکە، هه‌رچی پاشماوه‌ى ئاژه‌ڵه لە خوێن و پێستە شاخی ئاژەڵ، دووباره به‌كارده‌هێنرێنه‌وه و ئاڵف و ئالیكی ئاژه‌ڵیان لێ‌دروست ده‌كرێته‌وه”، دڵشاد جه‌بار وای وت.
964+ دەزانێت، ماوه‌ى ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كه 12 مانگه، له مانگى رابردوو دەستیانپێکردووە، بەڵام پلانی خاوەن پرۆژەکە وایە کە تاوەکو مانگی 5ی 2023 تەواوی بکەن.
ئەم پرۆژەیە لە توانایدایە هەلیکار بۆ پێنج هەزار کەس دابین بکات، هەروەها زیاتر لە 100 کەسی ئاژەڵداریش دەتوانن رۆژانە تێیدا کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەکانەوە بکەن.
ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌و پڕۆژه‌یه وه‌ك خاوەنەکانی باسی دەکەن، “رێکخستنی بازاڕ و کۆنتڕۆڵکردنیه‌تی بە بەرهەمی خۆماڵی و دڵنیایی لە تەندروستی، هەروەها نرخى گۆشت له‌وه‌ى كه ئێستا له‌بازاڕه‌كاندا هه‌یه زیاتر نه‌بێت”.