دەریاچە و بەنداوی دوکان - وێنە: 964+
سەرڕێژ دەبێت؟
ئاستى ئاوى بەنداوى دوکان نزیکەى یەک مەتر لە ساڵى رابردوو زیاترە
بەرزان عوسمان – دوکان
بەهۆى ئەو شەپۆلى بارانبارینەى چەند رۆژى رابردوو، نزیکەى دوو مەتر ئاستى ئاوى بەنداوى دوکانى بەرز کردووەتەوە، تائێستاش نزیکەى دوو ملیار و 350 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە 964ـى وت،”بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو، ئاستی ئاوی بەنداوەکە نزیکەى دوو مەتر زیادی کردووە، ئەوەش بەراورد بە ساڵى رابردوو 96 سانتیمەتر زیاترە”.
“قوڵى ئاوى بەنداوى دوکان لە هەر جێگایە و بەشێوەیەکە لە هەندێ شوێن 100 مەترە و لە هەندێ شوێنى تر کەمتر، بەڵام بەرزى سەددەکە 116 مەترە و ئێستا 20 مەترى ماوە بۆ سەرڕێژ بوون”، بەڕێوەبەرى بەنداوەکە واى بە 964 وت.
ئێستا زیاتر لە دوو ملیار و 350 ملیۆن مەتر سێجا، ئاو لە بەنداوى دوکاندایە، لە کاتێکدا بەنداوەکە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت و لەسەروى ئەوەوە بەنداوەکە سەڕێژ دەبێت و ئاو لە بێڵماسەکەوە دەردەچێت.
بە وتەى بەڕێوەبەرى بەنداوەکە، سەرڕێژبوونى بەنداوەکە قورسە، بەڵام گرێنتى روونەدانى کەمئاویى بۆ ئاوى خواردنەوەى ماڵان و بەکارهێنانى بۆ کشتوکاڵ لە خوارووى بەنداوەکە، دەکات.
بەپێى داتاکان، ئێستا رۆژانە لە هەر چرکەیەکدا 70 مەتر سێجا ئاو لە بەنداوى دوکانەوە بەردەدرێتەوە بۆ خوارووى بەنداوەکە، بە وتەى بەڕێوەبەرى بەنداوەکەش، لەم وەرزەدا تەنیا یەک وەحدەى وێستگەى کارۆئاوى لە بەنداوەکە ئیش دەکات.
بەنداوی دوکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و دەکەوێتە قەزای دوکان، ساڵی 1954 دەست بەدروستکردنی کراوە و ساڵی 1959 تەواو بووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح