شایستەی دارایی نەدراوە بە کۆمپانیاکە

دوای هەفتەیەک بەشێک لە کۆڵان و شەقامەکانی دوکان پاک کرانەوە

بەرزان عوسمان – دوکان

ماوەى نۆ رۆژە ژینگەپارێزانی سنووری قەزای دوکان و ناحیەکانی بایکۆتیان راگەیاندووە، شارەوانی دوکان بە هاوکاری چەند هاوڵاتیەکی قەزاکە بەشێکی زبڵ و خاشاکی گەڕەکەکانی پاکردەوە.

سەروەر ساڵح، سەرۆكى شارەوانى دوکان بە 964ـی وت، ئەمڕۆ بە هاوکاری چەند هاوڵاتیەکی قەزاکە کە ئامێری شۆفڵ و گەڵابەیان هەبووە لەگەڵ ئەو ئامێرانەی کە لە شارەوانی بەردەستە ناو بازاڕی دوکان و چەند گەڕەکێکی قەزاکەیان لە زبڵ و خاشاک پاکردەوە کە بڕەکەی زیاتربووە لە 15 تۆن.

وتیشی، “توانای شارەوانیمان دیاریکراوە بەهۆی کەمی ئامێر و کارمەندەوە ناتوانین هەموو قەزاکە لەماوەیەکی کەمدا پاک بکەینەوە”.

“بۆچارەسەرکردنی کێشەی کۆمپانیای پاکردنەوەکە، پرۆسەی تەندەرین کراوە و زۆنی قەزای دوکان بۆ کۆمپانیایەکی تری پاکردنەوە دەرچووە و تەنیا واژۆکردنی گرێبەستەکە ماوە” سەروەر ساڵح وای وت.

ئازاد قادر لێپرسراوى کۆمپانیاى شکار لە زۆنى دوکان بۆ 964 وتی، ”لەلایەن حکومەتی هەرێم مانگانە وەک پێویست شایستە داراییەکانمان بۆ خەرج ناکرێت، بۆیە ئێمەش نەمان توانیوە موچەى کرێکارانی کۆمپانیاکەمان دابین بکەین، ئێستا پێمان راگەیەندراوە لەم هەفتەیەدا شایستەی دارایی ژینگەپارێزان دابەش دەکەن و دەست بەکار دەکەنەوە”.

بەپێی زانیاریەکانی 964 ئەو کۆمپانیایەی لە ئێستادا کاری پاکردنەوەی زۆنی قەزای دوکان دەکات زیاتر لە سێ ملیار دیناری شایستەدارایەکانی لای حکومەتە.

964 دەزانێت، رۆژانە زیاتر لە چوار تۆن زبڵ و خاشاک لە قەزاى دوکان کۆدەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی