هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە
لە ئیدارەی راپەڕین پێنج هاککەر دەستگیر کران
964+
ژووری هەواڵ
لە ئیدارەی راپەڕین پێنج کەس دەستگیر کران، کە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیا هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە و داوای پارەیان لێکردوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18.2.2024، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، پێنج کەسیان بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیر کرد.
ئاسایشی راپەڕین لەسەر سکاڵای چەند هاوڵاتییەک و بەهۆی هاککردنی ئەکاونتی کەسی و هەڕەشەکردن و ناو زڕاندن و داواکردنی پارە، لەبەرامبەر سڕینەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت، ئەو پێنج کەسەی دەستگیر کردووە.
تۆمەتبارەکانی بەگوێرەی ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، لەکاتی بوونی هەڕەشەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان پەیوەندی بکەن بە هێڵی 24 کاتژمێری بەشی (تاوانە ئەلیکترۆنییەکان) لە دەزگای ئاسایشی هەرێم؛ 07703906223 یان لە رێگەی ناردنی نامە بۆ پەیجی فەرمی دەزگای ئاسایشی هەرێم.