ساغکردنەوەی 964

کۆماندۆ و ئاسایش لەسەر رووداوەکەی بازگەی کارێز چی دەڵێن؟

964+
ژووری هەواڵ

ژمارەیەک ئەندامی ھێزی “کۆماندۆ” بە جلی مەدەنی، بەرەو دوزخورماتوو بۆ ئەرکێک دەچن، و بە بازگەی ئاسایشی کارێز لە قەزای کفری تێپەڕدەبن، ھێزی ئاسایشی بازگەکە داوای ناسنامەیان لێدەکەن و “پشێوی دروست دەبێت”.

رووداوەکە، ئەمڕۆ شەممە 17.2.2024 و پێشنیوەڕۆ لە بازگەی کارێزی نێوان قەزای کفری بۆ قەزای دوخورماتوو روویداوە، 964 ساغکردنەوەی بۆ رووداوەکە کرد و هێزەکان لەزاری خۆیانەوە، دروستبوونی پشێوییەکە باسدەکەن.

سێ سەرچاوە لە ئاسایشی خۆجێی ناوچەکە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فەرماندەیی کۆماندۆ پشتڕاستی زانیارییەکانیان کردەوە، سەرچاوە خۆجێیەکە دەڵێت، “ھێزەکەی کۆماندۆ ژمارەیان دوو ئۆتۆمبێل بووە، یەکەم ئۆتۆمبێلیان هاتووەتە بازگەکە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی (قەمەرە) بووە، کەسێکیان ریشێکی درێژی هەبووە و داوای ناسنامەی لێکراوە”.

بە قسەی ئەو سەرچاوەیە بێت، “لەلایەن ئەندامانی هێزەکەی کۆماندۆوە، داواکردنی ناسنامە کاردانەوەی دروستکردووە و بە سۆندەی پلاستیک و قۆناغی دەمانچە پەلاماری چەند ئەندامێکی ئاسایش- یان داوە، کە ژمارەیان 12 ئەندام بووە لە بازگەکەدا، بەشێکیان زەبریان بەرکەوتووە و چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە”.

باس لەوە دەکرێت، شەڕە تەقە لە نێوانیان روویداوە، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، “تەقەکراوە، بەڵام بۆ شەڕکردن نا، بەڵکو تەقەکان رووی لە ئاسمان بووە، ئەوەش بۆ بڵاوەپێکردنیان و کۆنتڕۆڵکردنی باردۆخەکە، چەند فیشەکێک رووەو ئاسمان تەقێندراوە و دۆخەکە ئێستا ئاسایی بووەتەوە”.

بە گوێرەی زانیارییە بەدەستهاتووەکانی 964، کە لە فەرماندەیی کۆماندۆی کوردستان دەستیکەوتووە، “هێزەکەیان دوو ئۆتۆمبێل بووە، بە پلانێکی سەربازی و بۆ ئەرکێک لە ناوچەکە لە رێگادا بوون، بەڵام جلی مەدەنییان لەبەردا بووە لە بازگەی کارێز رۆنگ ساید (ئاڕاستەی پێچەوانە) رۆیشتوون، ئەوەش بووە بە هۆکاری ئەوەی سەرەڕای خۆناساندن، کارمەندانی بازگەکە داوای ناسنامە بکەن”.

بە گوێرەی هەمان زانیاری، پێش ئەوەی پێشێوی دروست بێت هێزەکەی کۆماندۆ وتوویانە، رەنگە هێزی دیکەش بێن، بەڵام ئاسایشەکان نکۆڵیان لە وەرگرتنی ناسنامە کردووە، لە کاتێکدا هێزەکەیان بە جلی مەدەنییەوە بینیوە، ئەمەش پێشێوی دروستکردووە و دوو ئەندامی هێزەکەی ئاسایش تەقەیان کردووە، بۆ ئەوەی دۆخەکە لە شەڕی دەستەویەخە رابوەستێ، دواتر دۆخەکە هێوربووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک کە پلەی باڵای هەیە لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ساغکردنەوەکەی 964 وتی، “دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی بە بازگەی کارێز لە کفری تیپەڕیوون، ھەڵە تێگەیشتن لە نێوان کارمەندانی بازگەکە و ئەو کەسانەی ناو ئۆتۆمبێلەکە ھەبووە، بەڵام بە زوویی چارەسەر کراوە، هەر رێکارێکی سەربازیش هەبێت بڕیاری لەسەر دەدرێت”.

دوکاندارە دێرینەکان قەیسەرییەکانی دوزخورماتوو چۆڵ دە...

دوکاندارە دێرینەکان قەیسەرییەکانی دوزخورماتوو چۆڵ دەکەن

جارێکی دیکە کفری ناگەڕێتەوە بۆ پێش 10ی تەمموز

جارێکی دیکە کفری ناگەڕێتەوە بۆ پێش 10ی تەمموز

لە رێگای کەلار بۆ کفری رووداوێکی هاتوچۆ ژیانی لە کەسێک ...

لە رێگای کەلار بۆ کفری رووداوێکی هاتوچۆ ژیانی لە کەسێک سەندەوە