بنکەکان کراوەن

بەدەستهێنانی کارتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سێ رۆژی ماوە


ئەحمەد مستەفا

تا رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە 20.2.2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، مامەڵەی دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدەران بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەوەی بەلای کۆمیسیۆنەوە بەرچاو بێت، نوێکردنەوەی کارتە کۆنەکانی بایۆمەترین بە کارتە نوێیەکان، لە راگەیەندراوێکدا داواشیکردووە لە دایکبووانی ساڵی 2006 بچن مامەڵەی دەرهێنان ئەنجام بدەن، چونکە لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان دەبێت.

بە قسەی ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ 964، کاری ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بۆ دەرهێنانی کارت و پێدانەوەی بەردەوامە، لە پەراوێزیشیدا راهێنان و ئامادەکاری بۆ کەرەستەی لۆجیستی دەکەن، بەڵام وتی، “بەهۆی بوونی سکاڵا و یەکلانەبوونەوەی رۆژی هەڵبژاردن، تەرکیزی سەرەکیمان لەسەر تۆماری دەنگدەرانە”.

بە گوێرەی دوا ئاماری کۆمیسیۆن بێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 15.2.2024، واتە لە ماوەی 45 رۆژدا، کۆمیسیۆن لە ئۆفیسەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستیکردووە بە پێدانەوەی کارتی دەنگدان، لە هەولێر 79 کەس، لە سلێمانى 346 کەس، لە دهۆک 106 کەس و لە کەرکوک 138 کەس، چوون کارتی دەنگدانیان وەربگرنەوە.

بۆ دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری، کارتی نیشتیمانی یان ناسنامەی باری (شارستانی و رەگەزنامە)، کۆبونی خۆراک و بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون پێویستە، ئێستا لە بنکەکانی کۆمیسیۆن لە ناوەندی شارەکان، قەزا و ناحیەکان تۆمارى بایۆمەترى لە کاتژمێر 8:00 بۆ 3:00ى دوانیوەڕۆ ئەنجامدەدرێ، 964 دەزانێت، ئەگەر هەیە ماوەی تۆمارکردن درێژ بکرێتەوە.

“مەرجە هەموو کەس خۆى تۆمار بکات و کارتى بایۆمەترى تایبەت بە خۆى هەبێت، چونکە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە تۆمارى بایۆمەترى دەبێت و هەر کەس خۆى تۆمار نەکردبێت، مافى دەنگدانى نابێت”، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، واى وت.