زۆرترین فێرگە وەرزشى لە رانیە و قەڵادزێیە
خولێک بۆ راهێنەرانى فێرگەکانى عێراق و هەرێم بەڕێوە دەچێت
دیلان محەمەد جەزا
رێکخراوى CCPA دانیمارکى، خولێکى راهێنانی بۆ فێرگە وەرزشییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کردوەتەوە، کە تێیدا 60 راهێنەر بەشدارى دەکەن.
هیوا محەمەد، نوێنەرى یەکێتى ئەوروپى بۆ فێرگەکانى هەرێمى کوردستان بە 964ى وت،”وەک رێکخراوى CCPA دانیمارکى لە شارى سلێمانى خولێکى راهێنانمان بۆ 60 راهێنەرى فێرگەکانى حەوت پارێزگاى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووەتەوە”.
خولەکە لە شارى سلێمانى بەڕێوە دەچێت و بەوتەى هیوا محەمەد، فێرگە وەرزشییەکان رۆڵێکى بەرچاویان هەیە لە بەرەوپێشبردنى ئاستى وەرزشى، وەک رێکخراوەکەشیان تەنیا لە سلێمانى 20 فێرگەیان هەیە کە زۆرترینى کەوتووەتە سنورى رانیە و قەڵادزێ.
لاى خۆیەوە شنیار سدیق، راهێنەرى یاری بالە و یەکێک لە بەشداربووانى خولەکە بە 964ى وت،”ئەو خولانە گرنگى باشى هەیە بۆ بەرەوپێشبردنى تواناى راهێنەرانى فێرگەکان و بەرەوپێشبردنى وەرزشى فێرگەکان”.
وەک ئەوەى راهێنەرەکە باسى دەکات، لە فێرگەکاندا، لە تەمەنى 10 ساڵییەوە فێرخوازان وەردەگرن و راهێنانیان پێدەکەن، دەشڵێت: جگە لەلایەنى تەکتیکى و تەکنیکى، لایەنى دەرونى یەکێکە لە ئەرکەکانیان کە فێرى فێرخوازانیان بکەن.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح