عومان ئه‌ركی عێراقی قورس كرد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

هه‌ڵبژارده‌ی عومان له‌ دووه‌م یاریی خۆیدا له‌ جامی كه‌نداو بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، به‌مه‌ش ئه‌ركی هه‌ڵبژارده‌كانی عێراق به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و سعوودیه‌ی زه‌حمه‌ت كرد.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ـی كانوونی دووه‌م، له‌ گه‌ڕی دووه‌می جامی كه‌نداوی 25 له‌ تۆپی پێ، كه‌ له‌ به‌سڕه‌ ده‌كرێت، هه‌ڵبژارده‌ی عومان به‌ 3-2 گۆڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی یه‌مه‌نی برده‌وه‌.

یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی جه‌زع ئه‌لنه‌خله‌ كرا و گۆڵه‌كانی عومان “ئه‌رشه‌د عه‌له‌وی، عیسام عه‌بدوڵڵا، هه‌روه‌ها یاریزانێكی یه‌مه‌ن به‌ هه‌ڵه‌ له‌خۆیانی كرد”، گۆڵه‌كانی یه‌مه‌نیش عه‌بدولواسیع مه‌ته‌ڕی و عومه‌ر داخی تۆماریان كرد.

هه‌روه‌ها له‌ یارییه‌كه‌دا یه‌مه‌ن له‌ خوله‌كی 90+5 لێدانێكی سزایان فه‌وتاند و هه‌لی یه‌كسانكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌یان له‌ ده‌ست دا.

عومان به‌م بردنه‌وه‌یه‌ بووه‌ خاوه‌نی 4 خاڵ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا، یه‌مه‌نیش ماڵئاوایی له‌ ركابه‌رییه‌كان كرد.

بردنه‌وه‌ی عومان ئه‌ركی هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و سعوودیه‌ی قورس كردووه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر عێراق بدۆڕێت، هیوای گه‌یشتنی به‌ قۆناغی پێش كۆتایی كز ده‌بێت.

ئێستاش له‌گه‌ڵ ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌، یاریی عێراق و سعوودیه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م ده‌ستیپێكردووه‌، كه‌ سعوودیه‌ سێ خاڵ و عێراق خاڵێكی هه‌یه‌.