"بۆ حاڵەتی لەناکاو نەبێت سەردانمان مەکەن"
باران نەخۆشخانەی رەئوف بەگی شارەزووری پەکخستووە
بڕوا مەجید – شارەزوور
بەهۆی بارانە بەخۆڕەکەی ئەمڕۆ لە شارەزوور ئاوێکی زۆر پەنگیخواردووەتەوە و نەخؤشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ لەو قەزایە پڕ بووە لە ئاو و بە ناچاری کارەبای نەخۆشخانەکە کوژێنراوەتەوە و بۆ حاڵەتی لەناکاو نەبێت هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستیش پێشکەش ناکرێت.
باران و پەنگخواردنەوەی ئاو لە ئێوارەوە لەبەردەم نەخۆشخانەی رەئوف بەگ ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردبوو، دواجار یەخەی نەخۆشخانەکەشی گرت بۆیە نەخۆشخانەکە لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاوڵاتیان کردووە ئەگەر زۆر ناچار نەبن سەردانی نەخۆشخانەکە نەکەن.
بڕوا مەجید پەیامنێری 964 لە شارەزوور لەبەردەم نە خۆشخانەکە زانیاریی و دیمەنەکانی گواستوەتەوە و لە کاتی قسەکردنی بڕوا دا بارانی بەخوڕ بەردەوامەو هەورە تریشقەی بەهێز دەبینرێت.
964 دەزانێت بۆ رێگری لە مەترسی زیاتر لەسەر نەخۆشخانەکە هێشتا کارەبا بە نەخۆشخانەکە نەدراوەتەوە، هەرچەندە هێشتا پزیشک و کارمەند لە نەخۆشخانەکەن بەڵام نەخۆشخانەکە تاریکە و کارمەندان بە لایتی مۆبایلەوە بەردەمی خۆیان رووناک کردووەتەوە.
دارشتنەوە : بەهرە محمد
ئەمین