"دەکرێ بە یاسا رێکبخرێت"
رێنمایی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ کاری میدیا بەفەرمی هەڵوەشێندرایەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2024-ی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان کە پەیوەست بوو بە رێنمایی تایبەت بە رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشایەوە و کاری پێ ناکرێت.
وەزارەتى رۆشنبیرى لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.2.2024، دەڵێت، رێنمایییەکە تێبینى و سەرنجی لەلایەن میدیاکاران و یاساناسان لەسەر تۆمارکراوە، هەربۆیە لە (1ی كانوونی دووهمی 2024)ـەوە کار بەو رێنماییە ناکرێت.
وەزارەتی رۆشنبیری: رێگری لە هیچ دەزگا و کتێبفرۆشییەک نەکراوە
ئەو رێنماییەى وەزارەتى رۆشنبیرى رەتیکردەوە، له 17 مادده پێكهاتبوو، لە ماددەی هەشتی رێنماییەكەدا هاتووە، “لهكاتی دروستبونی كێشه و گرفتهكان و پهنابردنهبهر یاسا و دهسهڵاتی دادوهریی، ئەم سیستهم و رێنماییە هاوشان لەگەڵ یاسای رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان و ئهحكامهكانی تری گشتی، دەبنە پێوەرێك بۆ بڕیاردان لەو پرسانەی كە دەچنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری”.
هەر دواى ئەو رێنماییە ناڕەزایەتیی میدیاکاران و میدیاکان سەریهەڵدا و ئەو کارەیان بە بەرتەسککردنەوەى ئازادى و کارى رۆژنامەوانیی ناوبرد و داواکرا ئەم رێنماییە نەبێتە جێگرەوەی یاسای ژمارەی 35ی یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، بۆیە وەزارەتى رۆشنبیریی لە رێنماییەکە پاشگەزبویە و لە 17ـى مانگى رابردوو بڕیارەکەى ساڵى رابردووى خۆى هەڵوەشاندەوە و لە 28ـى مانگى رابردووش دەقى بڕیارەکە لە ژمارەى 305ـى رۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاوکراوەتەوە و ئەمڕۆش بە فەڕمی راگەیەندرا.
رادیۆی نابینایانی هەولێر 10 ساڵە پەخشی نەماوە
شێروان عەوڵا خورشید، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ بە 964ی وت، “لەكاری راگەیاندندا بواری میدیای ئەلیكترۆنی پانتاییەكی زۆر فراوانی داگیركردووە، ئەوەش پێشتر رێكنەخرابوو، زۆرجار شتی نامۆ لەڕێگای كەناڵە تایبەتیەكانی خۆماندا بەدیدەكرا، كاتێك لایەنێك شكاتی دەكرد ئێمەش رێو شوێنمان بەرامبەری دەگرتەبەر بەبلۆك كردنی یا بە داخستنی، ئەوكات لەبەر نەبوونی رێنمایی تووشی كێشەی یاسایی دەبووین كە پێشتر زۆر بۆشاییشی تێدابوو”.
وتیشی، راستە رێنماییەکە هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام دەبێت بەباشی بواری فریكوێنس لەهەرێم رێكبخرێتەوە، ئەوکاتیش بۆیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن هەوڵمانداوە، رێنماییەکە بۆ میدیای بینراو و بیستراو بەكار بهێنین، تا بتوانین ئەو بوارەش رێكبخەینەوە، بەڵام دەکرێ لە ئایندەدا بە یاسا رێکبخرێ.