دەربارەی پێشانگای کتێبی سلێمانییە

وەزارەتی رۆشنبیری: رێگری لە هیچ دەزگا و کتێبفرۆشییەک نەکراوە

964+

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایدەگەیەنێت، بۆ خولی پێنجەمی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی رێگری لە هیچ خانە و دەزگا و کتێبفرۆشییەک نەکراوە.

راگەیەندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری کە ئەمڕۆ شەممە 25.11.2023 بڵاوی کردووەتەوە، دوای ئەو قسەوباسانەی ناو سۆشیالمیدیا هات، کە رەخنەیان لە پێشانگاکە گرت بەوەی کتێبی ئایینی زۆر تێدایە بەراورد بە بابەتەکانی دیکە.

راگەیەندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، “ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگا پڕ بكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ رێگرییەك هەیە؟”.

باس لەوەش کراوە، سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگا بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكە، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتپێدراون و خاوەنی نووسینگەی دەزگای رۆشنبیری، یان خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە، یاخود دوكانی كتێبفرۆشین.

ئاماژە بەوەش دراوە، بە پێی یاسای چاپەمەنی هەرێمی کوردستان ژمارە 10ـی ساڵی 1993 لە مادەی دووەمدا دەڵێت: “رەقابە لە هەرێم ناخرێتە سەر چاپەمەنی، هەر هاوڵاتیەک سەربەستە لە دەرکردنی هەر چاپەمەنییەک، بەپێی حوکمی ئەم یاسایە”، جگە لەو بابەت و کتێبانەی هانی توندوتیژی دەدەن یان رێی بۆ خۆش دەکەن، لەگەڵ ئەو کتێبانەی ناوزڕاندنیان تێدایە و سوکایەتی بە ئایین یان مەزهەبێکی دیکە دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە سێیەم رۆژی خولی پێنجەمی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب بوو لە سلێمانی و بڕیار وایە 10 رۆژ بەردەوام بێت.

48 دەزگا و کتێبخانە دەچنە پێشانگای کتێب لە سلێمانی

48 دەزگا و کتێبخانە دەچنە پێشانگای کتێب لە سلێمانی