هۆکار چییە؟
پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی کۆیە لەکارکەوت
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
بەهۆی ئەو بارانبارینەی لە دوێنێوه هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بووە هۆی لەکارکەوتنی بۆڕی سەرەکیی گواستنەوەی پڕۆژەی ئاوی بۆگد بۆ کۆیە.
ئەو بۆرییە ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیان دەگوازێتەوە بۆ سەنتەری قەزای کۆیە و قەبارەی 24 ئینجە و ئاو لە زێی بچوکەوە بۆ سەنتەری قەزای کۆیە دەگوازێتەوە، بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە شکاوە و بەو هۆیەوە پڕۆسەی ناردنی ئاو بۆ سەنتەری قەزای کۆیە وەستاوە.
هۆگر کەیفی، بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە بۆ 964 وتی، بۆرییەکە بەهۆی رۆچونی زەوییەوە لە ئاستی گوندی کێلە زیندان شکاوە و ئێستا گواستنەوەی ئاو بۆ سەنتەری قەزای کۆیە وەستاوە.
وتیشی، “ئێستا لەگەڵ تیمەکانمان بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکە خەریکین، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیریی کەشوهەوا تیمەکانمان تووشی زەحمەتی دەبن و کاتی زیاترمان دەوێت بۆ چاکردنەوەی، هەرکاتیش بۆرییەکە چاککرایەوە، پێدانی ئاو بۆ هاوڵاتیان ئاسایی دەبێتەوە”.
ئەو بۆرییەی ئاو دەگوازیتەوە بۆ سەنتەری قەزای کۆیە، درێژییەکەی 33 کیلۆمەتر دەبێت و لە کاتژمێرێکدا 1300 مەتر سێجا ئاو دەگوازێتەوە.
قەزای کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێرە و لە پێنج ناحیە پێک هاتووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 100 هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا