ئەنجومەنی ئاسایش: دوو تۆڕی تیرۆرستیمان دەستگیر كرد

+964

کوردستان ئەحمەد – هەولێر

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: دوو تۆڕی تیرۆریستی لە هەولێر دەستگیر كراون، كە ویستویانە لە هەولێر تەقینەوە بكەن.

تۆڕەکە لە چوار كەس پێكدێن، کە ڤیدیۆی دانپێدانانەکانیان لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستانەوە بڵاوکرایەوە و ویستویانە لە هەولێر لە ئاهەنگی سەری ساڵدا تەقینەوە بكەن.

گیراوەكان بەقسەی خۆیان ویستوویانە لە عەنكاوە تەقینەوە بكەن،  پێشتر لە سوریا و عێراقیش تەقینەوەیان كردووە و دەیان كەسیان كوشتووە.

ماوەیەكیش لە كەمپی هۆل لە سوریا ماونەتەوە، دەمانچە و كڵاشینكۆف و چەقۆیان پێبووە. 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان:

دژه‌ تیرۆری كوردستان دوو تۆڕی تیرۆریستیی داعش له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستگیر ده‌كات و پلانه‌كانیان پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌  

له‌ دوو هه‌وڵ و پیلانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌ و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌ پێش سه‌ری ساڵی 2023 له‌ شاری هه‌ولێر، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دژه‌ تیرۆر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر له‌ مانگی 12ی 2022 توانرا هه‌ردوو هه‌وڵه‌كه‌ پووچه‌ڵ بكرێنه‌وه‌ و چوار تیرۆریستیش ده‌ستگیر بكرێن كه‌ بریتیبوون له‌ دوو تۆڕی جیا و له‌لایه‌ن قیاداتی گرووپی تیرۆریستیی داعش فه‌رمانیان پێدرابوو بۆ ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجام بده‌ن.

تۆڕی یه‌كه‌م، تیرۆریستان (حه‌مزه‌ ئه‌یاد ئه‌حمه‌د ناسراو به‌ سەیاف ئه‌لقوره‌یشی و موهاجر ئه‌حمه‌د عزاوی ناسراو به‌ ئه‌بو جه‌عفه‌ر)، له‌ 23ـی 12ـی 2022 ده‌ستگیركران، تیرۆریست (سەیاف ئه‌لقوره‌یشی) كه‌ خۆكوژ بووه‌ و پلانی هه‌بووه‌ پێش سه‌ری ساڵ له‌به‌رده‌م ده‌رگای سه‌ره‌كی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی دژه‌تیرۆر به‌ پشتێنی بۆمبڕێژكراو به‌ هاوكاری تیرۆریستی ده‌ستگیركراو (ئه‌بو جه‌عفه‌ر) خۆی بته‌قێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵدا بوون بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌ رێگه‌ی ڕیمۆت كۆنتڕۆڵ له‌ به‌رده‌م بنكه‌ی ئاسایش عه‌نكاوه‌، تۆڕی دووه‌م، تیرۆریست (موسا ئیسماعیل عه‌لوان ئیسماعیل ناسراو به‌ یه‌عقوب) تیرۆریست (م.ا.ح.) پێشتر له‌ (سووریا له‌ كه‌مپی هۆڵ) نیشته‌جێبوونه‌ و به‌شداربوون له‌ كوشتنی چه‌ندین هاوڵاتی له‌ناو كه‌مپی هۆڵ، ئه‌م دوو تیرۆریسته‌ له‌ ساڵی (2022) هاتوونه‌ته‌ شاری هه‌ولێر و له‌سه‌ر فه‌رمانی قیاداتی داعش پلانانیان هه‌بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كاری تیرۆر و كوشتن له‌ شاری هه‌ولێر

دانپێدانانی دوو گروپە دەستگیركراوەكە، وەرگیراوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە