"دیوار و سیاج دەتەقێنێت"

فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین: دژایەتی داری کالیپتۆز دەکرێت

پێشەوا محەمەد

فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین هۆشداری دەدات لە دژایەتیکردنی داری کالیپتۆز لە کوردستان و دەڵێت، کالیپتۆز بەتایبەت بۆ باخچەکە و بلوارەکان دارێکی بەسوودە.

کالیپتۆز دارێکی ئوستڕاڵییە، گەشەی خێرایە و زۆربەیان بە شێوەیەکی گشتی 20 تا 45 مەتر درێژ دەبن و دارێکی هەمیشە سەوزە.

محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، دژایەتیکردنی دارەکە لە لایەن شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکان و خێزانەکانەوەیە، ئەوانەی ناو ماڵەکان دەبڕدرێن و هی ناو باخچە و پارک و بلوارەکانیش یان خزمەت ناکرێن تا وشک دەبن یاخو هەڵدەکەندرێن و دەگوازرێنەوە.

وتیشی، “ئەو دارە بۆ ناو ماڵ رەنگە زۆر گونجاو نەبێت، چونکە گەشەی زۆر خێرایە، بەڵام بۆ باخچە و بلوارەکان دارێکی زۆر بەسوودە و دەتواندرێت بە هەڵپاچینی بەردەوام بە جوانی بهێڵدرێتەوە و بشکرێتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەمام”.

بە بڕوای ناوبراو، کالیپتۆز بەهێزە و بەرگەی کەشوهەوای جیاواز دەگرێت، “بەڵام رایەک دروست بووە گوایە ئەو دارە بەهۆی گەشە خێراکەیەوە دیوار و سیاجی ماڵان دەتەقێنێت و ئەوەیان کردووە بە هۆکاری نەڕواندن و بڕینەوەی، بەڵام ئەگەر لە باخچە و بلوارەکان بڕوێندرێت ئەو کێشەیەش دروست ناکات”.

“هیچ دارێک نییە بۆ شوێنگرتنەوەی چونکە دارەکان هەریەکەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام کە ئەو دارانە لادابەرێن یان وشک دەبن ئەوا نەمام یان داری نوێ لە شوێنەکانیان دەڕوێندرێت”، محەمەد کەریم وای وت.